بەشێک لە ڕاگەیاندراوی كۆبونەوەی سەركردایەتیی كۆڕبەندی چەپی كوردستان….!
ڕۆژی ٢٦ی ئایار، سەركردایەتی كۆربەندی چەپی كوردستان لە هەولێر كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست. لەم كۆبونەوەیدا ئاماژە بە پەرەسەندنەكانی ڕەوشی گشتیی لە كوردستان و ئەركە هەنووكەیەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانی گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان كرا، ئەمەش بە وابەستەیی بە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی نوێی پەرەسەندنە چلۆنایەتییەكانی ڕەوشی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كارتێكردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر بزاڤی شۆڕشگێڕی گەلەكەمانه.
سەبارەت بە باكوور، كۆبوونەوەی كۆڕبەند ئاماژەی بە گرنگی پڕۆسەی سیاسیی نوێی نێوان حكوومەتی توركیه و پەكەكە كرد و پێی وایە ئەم پرۆسەیە قۆناغێكی سیاسی نوێیە و لە دەرەوەی یاساكانی ناكۆكی و ململانێ نییە و گرنگە هەنگاوەكان بەتایبەتی لە لایەن حكوومەتی توركیەوە بە تەمومژاوی نەمێنێتەوە و ناوێكی گونجاو بۆ ئەم پرۆسەیە لێبنرێت كە دەربڕی شوناسی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە باكوور بێت، بە شێوەیەكی فەرمیی لەلایەن حكومەتی توركیەوە دانیپێبنرێت و چەند هەنگاوی كردەیی هەن وەك ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان و لابردنی بەربەستەكان سەبارەت بە كەسایەتییە هەڵبژێردراوەكان بۆ بەڕێوەیردنی شارەكانی باكوور و فراوانكردنی ئازادییەكانی خەڵك جێبەجێبكرێن.
هەروەها سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بە جۆرێك لە بەرژەوەندی ئاشتییەكی سەقامگیر و بەیەكەوەژیانی سەرجەم گەلان بێت، پێویستی بە هەنگاوانی كردەییە بۆ گۆڕانكاریی لە دەستووری دەوڵەت و داننان بە فرەیی شوناسی نەتەوەیی لە توركیه و مسۆگەركردنی مافی ئیداری و كەلتووری گەلی كوردستان بە پێی دەستوور.
لە هەمان كات پێویستە لەم دۆخەدا، حزب و لایەنە كوردستانییەكانی نێو پەرلەمانی توركیە و لە دەرەوی پەرلەمانیش لە چوارچێوەی یاساكانی ناكۆكی و ململانێ، كە مۆركی ئەم پرۆسەیە، لە یەك پلاتفۆرمی یەكگرتوودا بە عەقلیەتی كاری بە كۆمەڵ، كار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە سیاسییە بكەن و جەخت لەسەر كرۆكی مەبەست و ئامانجی ئەم پرۆژەیە بكەنەوە كە بۆ دابینكردنی مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە باكوورە و جەختیان لەسەر چەمكی دیموكراتیزەكردنی دەوڵەت بێت وەك بنەمای سەرەكیی كۆمەڵگەی دیموكراسی و ئەمەش پێویستی بە گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی یەكگرتووی كوردستانییە، كە بە میكانیزمێكی ڕوون دابڕێژرێت و لە لایەن جەماوەری باكوورەوە ڕۆژانە لە ڕێگەی بەردەوامبوونی تێكۆشانی دیموكراسی مەدەنیی ئاشتییانە كاری بۆ بكرێت.
سەبارەت بە ڕۆژئاوای كوردستان، كۆڕبەند داكۆكیی لە هەنگاوەكانی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لایەنەكانی ڕۆژئاوا دەكات و كۆكبوون لەسەر پرۆژەی سیاسیی یەكگرتوویی لایەنەكان و گەڵاڵەكردنی داواكارییە ڕەواكانی گەلی كوردستان كە لەم دوواییەدا ئەنجامدرا، هەنگاوی سەرەكیی بەرەنگاربوونەوە و پاراستنی ئەزموونی ڕۆژئاوایە، كە بە قوربانی هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی گەلەكەمان تۆماركراوە.
كۆڕبەند پێی وایە هەنگاوەكانی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی سوریە، هەنگاوی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دیموكراسی سیكولار و دابینكردنی شەراكەتی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە لە دەستوور و میكانیزمەكانی حوكمڕانیی و ڕێگاگرتن لە گەڕانەوە و سەپاندنی حوكمی ناوەندێتی و ئاراستەی توندڕەویی ئایینی.
لە ڕۆژهەڵاتدا جوڵانەوەی مەدەنی و ژنان و ژینگەپارێزی و چالاكیی هەمەجۆر لە بواری ئەدەب و هونەر لە گەشەكردندایە و بە گشتیی پێگەی كورد لە نێو گەلانی ئێران بە هەند وەردەگیرێت.
لە بواری سیاسیدا كۆڕبەند پێی وایە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی ڕۆژهەڵات پێویستییان بە هەماهەنگی و كاری هاوبەش و بە دوواداچوون و چاودێریكردنی سەرجەم ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەی نێودوڵەتی لەگەڵ حكومەتی ئێران و دۆسێی پیشەسازی ئەتۆمی.
ئەم ڕەوشە سیاسییە نوێیە، كە سەرجەم ئەگەرەكان لە بەردەمیدا كراوەیە، پێویستی بە دوور كەوتنەوە لە ململانێ لاوەكی و هەر بابەتێك بارگرژی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵات درووست بكات.
سەبارەت بە ڕەوشی باشوور، كۆڕبەند خوازیاری ئەوە بوو، كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات بونیادبنرایە و لەم پرۆسەیەشدا سوود لە سەرجەم كەلێنەكانی پێشتر وەربگیرایەو هەردەم ئاراستە بەرەو چەمكی دەوڵەتی قانون و دامەزراوەكان و سیاسەتی گونجاو كە لە خزمەتی جەماوەری زەحمەتكێشی گەلەكەمان بێت، بنەمای خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو خولیا و ڕەفتارانەیە، كە لە لایەن حكومەتی بەغداوە بە پێچەوانەی چەمكی فیدڕاڵی كار بۆ جێبەجێنەكردنی دەستوور دەكرێت.
كۆڕبەندی چەپی كوردستان لە میانەی خوێندنەوەی بۆ ڕەوشی كوردستان و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕووانگەی بەهەند وەرگرتنی ئەركە نیشتمانییە كوردستانییەكان و ئەركە چینایەتییەكان، پێی وایە ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدانی ناوچەكە و سەقامگیری سەرانسەری تێیدا، بێ چارەسەركردنێكی دیموكراسی عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادانەی گەلەكەمان نایەتەدی.
لەم ڕوانگەیەوە كۆڕبەندی چەپی كوردستان داوا لە سەرجەم دەوڵەتەكان و ڕای گشتیی جیهان و سەرجەم ئەو لایەنە و گرووپانەی خوازیاری كۆتایهاتنن بە بارگرژی و جەنگ و لە پێناوی ئاشتیی و گەشەپێدان و دوواڕۆژێكی گەش بۆ مرۆڤایەتی تێدەكۆشن، پشتگیریی لە خەباتی ڕەوای گەلی كوردستان بكەن.
كۆڕبەندی چەپی كوردستان لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیدا چەندین بڕیاری وەرگرت سەبارەت بە كاراكردنی كارەكانی و بەستنی چەندین دیداری تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی پێشهاتەكان و كارتێكردنیان لەسەر ڕەوشی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانی گەلی كوردستان.
كۆڕبەندی چەپی كوردستان
(حزبی سۆشیالستی كوردستانی باكوور، حزبی كۆمۆنیستی كوردستان باكوور، حزبی كۆمۆنیستی كوردستان رۆژئاوا، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان)