بێبەش بوونی وریشە مورادی لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی….!

وریشە مورادی

دۆخی تەندروستیی وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

 وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سنە سەرەڕای پێویستی بەپەلەی بە چاودێری پزیشکی، بە هۆی بەربەستی دامودەزگاکانی ڕێژیم و بەرپرسانی زیندان، لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و کاربەدەستانی ڕێژیم لە زیندانی ئێڤین، لە ڕەوانەکردنی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە خۆیان دەبوێرن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە تووشی نەخۆشیی دیسکی پشت و مل بووە و سەرەڕای ئەوەی کە سێ مانگ بەسەر پێشنیاری نەشتەرگەریی پزیشکی ناوبراودا تێپەڕیوە، بەرپرسانی ڕێژیم و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لەو نەشتەرگەرییە کردووە.

وریشە مورادی لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر ئەبووقاسم سەڵەواتی (دادوەری مەرگ) بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

وریشە مورادی لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە شاری سنە بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا. لە ٢٥ی بەفرانباری هەمان ساڵدا، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، لە زیندانی وەزارەتی ئیتلاعات، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، و بەشی ژنانی ئەم زیندانە گواسترایەوە.