با پاندێمیی توندوتیژی ژنانیش چارەسەر بکەین

✍سولماز دوروودی

هەڵوێستی کۆمەڵگا بەرامبەر بە هەڕەشەیەک کە تووشی ئەبێت چییە؟ کاتێک کۆمەڵگا تووشی ئازارێکی گشتگیر دەبێ یان دیاردەیەکی سروشتی هەڕەشە لە ژیان و مانەوەی مرۆڤ دەکات، هەڵوێستی ئینسانەکان و دەسەڵات و دەوڵەتەکان چی دەبێ؟  چی دەکرێ بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ ڕزگار بکرێت یان بەر بە هەڕەشەکە بگیرێ؟ پەتای کۆرۆنا کە بوو بە پاندێمییەک و نەخۆشییەکی جیهانگیر و هەڕەشەی لە هەموو مرۆڤایەتی کرد، بووە هۆی یەکانگیربوونی هەوڵ و کاری هاوبەشی دەوڵەتان و زانایان و خەڵکی ئاسایی بۆ دەربازکردنی مرۆڤ لەو مەترسییە. بەڵام دەردی دیکەش هەن کە گشتگیرن و زۆر لە مێژە کە مرۆڤیان گیرۆدە کردووە و نیوەی مرۆڤایەتی قوربانیی ڕاستەوخۆین و لە نێوەکەی دیکەش تا هاتوو زیاتر و زیاتر خەڵک پێی تووڕەیە و بە مەترسییەک بۆ سەر مرۆڤی دەزانێ. ئەو پەتایە زۆر لە کۆرۆنا زیاتر قوربانیی بووە و زۆر لە کۆرۆنا زیاتر ئازاری بە جەستەی مرۆڤایەتی گەیاندووە. باسی تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەکەم. توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان پاندێمییەکی هەمیشەیی و خەسارێکی کۆمەڵایەتییە. توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان دیاردەیەکی مێژووییە و پەیوەندیی بە کولتوور، ئایین، باری ئابووری، یاسا و شێوازی دەسەڵاتەوە هەیە و شوێنی ژیان و پەروەردە و زۆر فاکتۆری دیکە کاریگەرییان لەسەر هەیە.

زانست سەرچاوەی ڕزگارییە بۆیە دۆخی خراپی ژنان لە هەموو بوارەکان و لەوانە مەسئەلەی توندتیژی دەگەڕێتەوە سەر کەمبوونی ڕۆشنبیری و کەمئاگابوونی تاکەکانی کۆمەڵ لە مەسئەلەی مافی ئینسان، کە هۆکارەکەی ئەو کەمئاگابوونەش دەسەڵاتی پیاوسالار و یاسای پیاوسالار و کولتووری بەرهەمهاتووی ئەو دەسەڵات و یاسایەیە. بۆیە کۆمەڵگایەک کە بیەوێ هەنگاوێک بۆ ڕزگاری لەو خەسارە هەڵگرێ دەبێ هەوڵی وشیارکردنەوەی هەموو تاکەکانی بدا. لەو ڕێگەیەدا نەک هەر ژنان بەڵکوو هەموو کۆمەڵگا خاوەن ئەرکە. بنەماڵەکان دەتوانن هەوڵی پەروەردەی یەکسانیخوازانە لە ناو منداڵەکانیاندا بدەن و هەر لە منداڵییەوە فێری ڕێز لە مافی یەکدییان بکەن. کۆڕی خزم و هاوڕێیان دەبێ بەرانبەر بە کولتوری سێکسیستی و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بێدەنگ نەبێ و هەوڵی ئاگاکردنەوەی یەکتری بدەن لەو بوارانەوە. هەر کەسە لە حاستی خۆیەوە و لە ماڵ و خانوادە و خزم و دۆستی خۆیەوە دەتوانێ ئەو هەوڵ و خەباتە دەس پێبکا. تاکی وشیار بنەمای هەر جووڵەیەکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوو و کاریگەرە.

ئەو رێکخراوانەی کە خۆیان بە خەباتکاری ڕێگەی یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافی ژن و مرۆڤ ئەزانن پێویستە جیددیتر و بوێرانەتر دژی ئەم زوڵمە کار بکەن، ڕێپێوانی گەورە و مانگرتنی بەرین و نیشاندانی بەرچاو و توندی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم دۆخە پێویستییەکی سەرەکیی خەباتی مافخوازانەمانە.

مرۆڤ لە بەرانبەر پەتای کۆرۆنا و پاندێمییەکەی هەڵوێستی جیددی و هاوئاهەنگی نواند و کاری هاوبەش و هاوچارەنووس بوونی کردە بنەما و دەست لە ناو دەستی یەک خەریکن ئەو پەتایە ڕیشەکێش دەکەن و مرۆڤایەتیی لێ ڕزگار دەکەن. بۆ ڕزگاری لە پاندێمیی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنایش دەبێ هەموومان پێکەوە و بە بڕوا بەوی دەبێ و دەتوانین ئەم ئازارە لە کۆڵ مرۆڤایەتی بکەینەوە، هەول بدەین و کار بکەین.

بەسە ئیتر تاوان بەسە ئیتر ژیانی نائەمن بۆ ژنان.