بایكۆتی یەکگرتووانە و بەرفراوانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی لە كوردستان
بایكۆتی یەکگرتووانە و بەرفراوانی
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی لە كوردستان
کۆماری مەرگ و سێدارە جارێکیتر لەگەڵ گەردەلوولێکی بەهێزی جەماوەریی بۆ بایکۆت و مەحکوومکردن رووبەڕوو بووەوە. جارێكیتر خەڵكی تێكۆشەری كوردستان لاپەڕەیەكی زێڕینی لە خەباتی مەدەنی و سیاسی و له خەبات دژی داگیرکەریی تۆمار كرد.
پاش تێكشكانی گوماناویی هێلیكۆپتێری رەئیسی سەرۆك کۆماری پێشووی ڕژیم، دوێنێ شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری بەڕێوەچوو كە جارێكیتر لە کوردستان و هەروەها له لایەن هەموو نەتەوە ماف زەوتکراوەکانەوە بایكۆت كرا. بەمجۆرە و هەروەک چاوەڕوان دەکرا، وەڵامێکی روون بە شانۆگەرییە قیزەوەنانەكانی هەفتەکانی ڕابردووی رژیم درایەوە. له مێژە كە زۆرینەی خەڵک هەڵبژاردن لە سیستەمی تۆتالیتاری و دینی رژیمی ئێراندا به گاڵتەجار و شانۆیەكی له پێش داڕێژراو دەزانن که ناتوانێ و قەرار نییە هیچ گۆڕانێک لە ژیانی خەڵک و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدی بێنێ.
كۆماری ئیسلامی بە پەل هاویشتن و دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتان و پشتیوانیی مادی و مەعنەویی لە گرووپە تیرۆریستەكانی ناوچەکە و بڕەودان بە دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی رۆژ لە دوای رۆژ لە نێو كۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتی پاش پەلاماری خوێناویی شۆڕشی ژینا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زیاتر تەریك كەوتووەتەوە و له ناوخۆش له گەڵ قین و نەفرەتی کەم وێنە رووبەڕووە. نە تەنیا متمانەی خەڵك بە گۆڕانكاری لەو ڕژیمەدا لەوپەڕی لاوازیدایە تەنانەت له ناو لایەنگەرانی ٤٥ ساڵەی رژیمیشدا هیوا و متمانە له نزمترین ئاستی خۆیدایە. ئەمجارەش بە بەشداری نەكردن لەو هەڵبژاردنەدا تەواویەتی ئەو ڕژیمەیان خستە ژێر پرسیار و بە پێی هەواڵەکان كوردستان به تێکرا و یەکگرتووانە بەشداری نەکردووە و جارێکیتر شانازییەكی دیکەی تۆمار کرد. کوردستان وەک هەمیشە و سەربەرزانە “نا”یەکی گەورەی بە داگیرکەران دایەوە و بە بایكۆتی یەکگرتووانە و بەرفراوانی هەڵبژاردن، دووپاتی کردەوە کە کۆماری سێدارە لە كوردستان رژیمێکی داگیرکەرە و ٤٥ ساڵە کوردستانی گەمارۆ داوە و بێگانەیە.
ئەمجارەش خەڵکی وشیار و خاراوی شۆڕش و بەرخۆدان، فریوکاریی رژیمیان بۆ هێنانی کاندیدێک به ناو ڕیفۆرمخواز پووچەڵکردەووە و جارێکیتر سەلماندیان که باڵەکانی کۆماری ئیسلامی له دژی خەڵک و له بوارەكانی سەرکوتی ئازادی و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و گەلان و کرێکاران و ژنان و لاوان هیچ جیاوازیەكیان نییە و تەنیا بۆ گەرمکردنی شانۆی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکان مانۆڕی جیاواز دەدەن که ئەویش شکستی هێنا و بەهێزترین بایکۆتی هەڵبژاردن تۆمار کرا.
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان ڕۆژی هەینی هەشتی پووشپەڕ ئیرادە و خواستی لەمێژینەی خۆیان بۆ وەدەرنانی هێزی داگیرکەر، بۆ گەیشتن به ئاواتەکانیان و گەیشتن به مافەکانیان دووپات کردەوە که ئەمە سەركەوتنێكی گەورە بۆ خەڵكی تینوی ئازادیە.
کۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
٩/٤/١٤٠٣