باوک مردوو ڕاوەستاوە دراوسێ ماڵ شیوەنی بۆ دەکا

باوک مردوو ڕاوەستاوە دراوسێ ماڵ شیوەنی بۆ دەکا

جەمیل سەرمەستی

لە پەراوێزی کوشتنی کوتوپری سمایل هەنییە لە تاران و شپرزەیی و دڵەڕاوکێ بەرپرسانی ڕژیم هەر لە خامنەییەوە بگرە تا نوێنەرانی ڕژیم لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی و فەرماندە ورد و دروشتەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەرکەسە و بە جۆرێک کاردانەوەی هەبووە و هەمووشیان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و لێدان لە ئیسرائیلیان سەدپات کردۆتەوە، تا ئێرە ئاساییەو و چاوەڕوانی ئەم فشە فشەشیان لێ‌دەکرا.
ئەوەیکە زۆر جێگای سەرنج و تێڕامانە لێدوانەکانی نوێنەرە بەناو کوردەکەی ڕژیم(قەسیم عوسمانی)یە لە مۆڵگەکەیان بە ناوی مەجلیسدا کە زیاتر لە هەموو بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی بە خامنەییشەوە بەرۆکی خۆی دەدرێ و ڕوومەتی خۆی دەڕنێ و بە کوشتنی کەمتر لە ناتانیاهوو ڕازی نابێ و هەڕەشەی خۆ تەقاندنەوەش دەکا.
لێرەدایە کە سەرنجەکان دەچیتە سەر ئەوەیکە بە ڕاستی ئەمانە تا ئاستێک کۆیلە کراون و میشکیان ئاخنراوە لە توخمی ماستاوچییەتی و بۆ دەسخۆشانەی شەمشەمە کوێرەکان بیر لەو وشەگەلیشە ناکەنەوە کە بە زاریاندا دەڕژێتە خوارەوە یان هەر بە ڕاستی دەروونیان تێکچووە و خەیانەت لە خوێنیاندایە.
قەسیم دەبوو بەرۆکی خۆی بۆ ئەو مرۆڤە کوردە بێ تاوانگەلە بدڕیایە کە ڕۆژانە لە سەر سنوورەکان بەدەستی کەمتیارەکانی ڕژیم گیانیان لێ دەستێندرێ، دەبوو تەپوتۆزی قەسیم و قەسیمە نەخۆشەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ناڕەوای پەخشان و زەینەب و وریشە و سۆما و سروە و زاراکان بوایە،دەبوو نەڕەنەڕی قەسیم بۆ ئەشکەنجە و لێدان و کوژرانی ژیناکان بوایە کە هەر لەو تارانەی کە هەنییە کوژرا بەدەستی هاوپیاڵەکانی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا. ئەگەر قەسیم توانایی و بوێریی خۆتەقاندنەوەی بوایە دەبوو بۆ ئەو هەمووە خۆکوژی و بێکاری و بێ دەرەتانی و تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان و سووتاندنی ژینگەی کوردستان و تێکدانی ژئۆپۆلۆتیکی ئەم نیشتمانەی کە قەسیم و قەسیمەکان پشتیان تێ کردووە و بوونەتە کەوا سووری بەر لەشکری دوژمن و داگیرکەر خۆی بە کووشت بدایە، دەبوو شیوەن و خۆڕنینی قەسیم بۆ خوێنگریی ئەو هەموو مرۆڤە کوردە شۆرشگێڕانە بوایە کە لە شۆڕشی ژینادا بەدەستی ئەربابەکانی ئەو گیانیان بەخت کرد و هەزاران هەزار پرس و بابەتی دیکە کە بە ناخێر پێوەندیی بە تاکێکی کوردەوە هەیە. دەبوایە بە کەمتر لە مەرگی خامنەیی ڕازی نەبوایە.
ئەو شیوەنەی قەسیم و جەلالێزادەکان بۆ دیکتاتۆری دەکەن خۆیان بۆ خۆیانی ناکەن. لێرەدایە کە دەڵین: باوک مردوو ڕاوەستاوە دراوسێ ماڵ شیوەنی بۆ دەکا.
“ئەوانە ڕووڕەشی مێژوو و نەتەوە و نیشتمانی خۆیانن”