ئێمە ڕێگای زانست لەبەر دەگرین….!

ئێمە ڕێگای زانست لەبەر دەگرین…
ئەمە نە تەنیا ڕستەیەکی جوان بەڵکوو کاردانەوەترین ڕێگەیە…
ئازادی لە ناخ و ڕۆحەوە: سروە پورمحەممەدی وەک نموونە و کاردانەوەیەکی زیندوو.
✍️بێگەرد ساڵح
سروە و کەسانی وەک سروەکان، نموونەی ژنانێکی کوردن کە بەرگەی فشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان گرتووە، نموونەیەکی زیندووی ئەو چەشنە مرۆڤانەن کە لە جیاتی سەربەخۆیی تاکیی، رۆحیی ئازادییان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگا لە ناخدایە. ئەوان بە هەوڵ و چالاکییەکانیان، بەتایبەت لە ڕێگای زانست و هەڵوێستی درووستەوە بوونەتە هۆی پەرەپێدانی پەروەردەی گشتی و بەتایبەت نەوەی نوێ و بێدەنگیان شکاند و سەلماندیان کە دەتوانن تابۆکانی کۆمەڵگە بشکێنن.
مافی کولتووری گەل، وەک مافی زمانی دایکی، یەکێکە لە ستوونە سەرەکیەکانی پاراستنی ناسنامەی گەلان. کولتوور، تەنیا جەژن و بۆنەکان نییە، بەڵکوو شێوەی ژیان، بیرکردنەوە، و بەهاکانی کۆمەڵگەیەکە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە. بەڵام، گەلانی وەک کورد، کە بەردەوام خەباتیان کردووە بۆ پاراستنی کولتوورەکەیان، هەمیشە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی سڕینەوە و توندووتیژی بوونەتەوە. کەسانی وەک خاتوو سروە پوورموحەممەدی، کە بەرگری لەم مافە دەکەن، بەردەوام لەژێر گوشارن، چونکە کولتووری کوردی، بە هۆی چیرۆکەکانی خۆی، مۆسیقاکەی و ئەدەبیاتەکەی، هێزێکی بەبڕشتە کە دوژمنەکان لێی دەترسن. ئێمە دەبێت بە یەکگرتوویی، کولتوورەکەمان بپارێزین و نەهێڵین هیچ هێزێک ئەم مافە سەرەتاییەمان لێ بستێنێت، چونکە کولتوورمان، سەرچاوەی سەربەخۆیی و بەرخۆدانمانە.
مافی زمانی دایکی، یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی مافەکانی مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە، کەسانی وەک خاتوو سروە پوورموحەمەدی کە بەرگری لەم مافە ڕەوایە دەکەن، هەمیشە لەژێر گوشار و زوڵمی حکومەتەکانن. زمانی دایکی، تەنیا زمان نییە، بەڵکوو ناسنامە، کولتوور، و مێژووی گەلێکە کە بوونەتە سەرچاوەی سەربەخۆیی و دەسەڵات. سروەکان، کە بە دڵسۆزی بەرگری لە زمانی کوردی و مافەکانی خۆیان دەکەن، سەرەڕای هەموو فشارەکان، بەردەوامن لە خەباتدا. ئەم گوشارانە، لە زیندانی کردنەوە بگرە هەتا سەرکوتکردنی ئازادییەکانیان، ناتوانن ئیرادەی ئەم خەباتکارانە بڕووخێنن. قور بەسەر دوژمنەکانی ئازادی، ئەو “دوژمنە”ی کە دەتوانێ یاساکانی نایەکسان، و سیستەمی سەرکوتکەر وە هەروەها کولتووری پیاوسالاری بگرێتەوە کە هەوڵدەدەن ژنان و مرۆڤە ئازادەکان بکەنە ئامرازی کۆنترۆڵ. بەندیخانە، وەک سەرکوتگەیەکی فیزیکی، ناتوانێت ئەو ئازادییەی کە لە ناخ و ڕۆحی مرۆڤەکاندایە، بسڕێتەوە. ئەم چەمکە لە چالاکییەکانی خاتوو سروەدا بەرچاوە، کە تەنانەت لە ژێر فشارە گەورەکاندا، بەردەوام بووە لە بەرگریکردن لە دادپەروەری و یەکسانی. خاتوو سروە پوورموحەممەدی جارێکی دی سەلماندی ئەوەی قەت پێتان ناکرێ سڕینەوەی ئازادیە لە ناخ و ڕۆحماندا…
“ئەمە تەنها سەرەتایە… خاتوو سروە پوورموحەمەدی وەک سەمبولی بەرخۆدان و ئازادی، بەردەوامە لە ڕووناککردنەوەی ڕێگایەک کە هەموو کەسێک پێویستی بە بینینیەتی. ئێمەش، وەک گەلێک کە بەرگری لە مافەکانمان دەکەین، دەبێت بە یەکگرتوویی و زانست، بەرەو پێشەوە بچین و نەهێڵین هیچ دوژمنێک ئیرادەمان بشکێنێت. بەندیخانەکان تەنها دیوارن، بەڵام ئازادی لە ناخماندا زیندووە و هەرگیز ناکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی کەسانی دیکە، دەبێت پشتیوانی لەم کەسانە بکەین و بە یەکگرتوویی دەنگی خۆمان بەرز کەینەوە، چونکە زمانی دایکی، مافێکی سەرەتاییە و کەس ناتوانێت ئەم مافەمان لێبستێنێ.”
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە.