ئازارەکانی گەلی ئەفغانستان و هاتنەوەی تالیبان

Taliban walk as they celebrate ceasefire in Ghanikhel district of Nangarhar province, Afghanistan June 16, 2018.REUTERS/Parwiz

✍ئاژوان-سنە

بەردەوامیی هێرشەکانی تاڵیبان لە ناوچە جیاجیاکان و داگیرکردنی چەندین پارێزگای ئەفغانستان، نائەمنی و شەڕی لە سەرتاسەری ئەفغانستانی بەرفراوانتر کردووە گوندنشینانی ئەفغانستان کە زۆربەیان جوتیار و خەڵکی هەژار و نەدارن باخەکانیان سووتێنراون. لە زۆر ناوچەدا کە شەڕ چڕتر کراوە ،زیانی زۆریان لێ کەوتووه . تاڵیبان کە هەمیشە قەیرانی بۆ خەڵکی ئەفغانستان بەدیاری هێناوە، ئەم جارەش بەهۆی هێرشەکانیان بە تایبەت لە باکووری ئەفغانستان زۆر کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە زەرەر و زیانی زۆریان لێ کەوتووە و بوونەتە قوربانی. ئەفغانستان لە یەکێک لە پێچۆکە مێژوویەکانیدایە. دەوڵەتی ئەمریکا بەردەوام بە سیاسەتی دەستبەرداربوونی خێرا بەرەو پێشەوە دەڕوات و سەرکردایەتی تاڵیبانیش بە پێچەوانەی پابەندییەکانی لە دەوحە و ئاستانە، بە کردەوە بەردەوامی بە شەڕی ناوخۆی پێش دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی کابول داوە .لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 80 ناوچە کە دەکەونە بەشی باکووری ئەو وڵاتەوە لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە داگیرکراون و ئەم تاقمە هەوڵی گرتنی چەندین شاری گەورەیشی داوە و دەیەوێت دەست بەسەر بنکەی ئاسمانی ستراتیژی “باگرام”دا بگرێ کە خۆشبەختانە تا ئێستا شکستی هێناوە. لە کاتێکدا گیانی ڕاوەستانی سەربەرزانە لە کۆمەڵگای مەدەنی ئەفغانیدا بە تایبەتی لە شارە گەورەکان و زیاتر لە لایەن کچان و ژنانێک کە بە ڕاستی لە کابوسی ئەفغانستانێکی ژێردەسەڵاتی تاڵیبان دەترسن زۆر بەرزە و جێگە دڵخۆشییە، ئەو بەرگرییە کە لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەکرێن زۆر جێی پرسیارن. هاوسەنگی هێز لە ڕووی سەربازی و سیاسی و دەروونییەوە، بەهۆی هەندێک پاشەکشە و هەڵوەشانەوەی سەربازی و پەنا بردنیان بۆ وڵاتانی دراوسێ لە بەرژەوەندیی تاڵیبان گۆڕاوە. دەسەڵاتی گەندەڵی دەوڵەتی کە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا تووشی شکست بووە لە دۆخی ئەمڕۆدا خۆی لە بەرپرسیاریەتییەکانی دەدزێتەوە و ئەو ئاڵۆزی و کەشە ناڕوونەی ئێستا سەبارەت بە ئایندە باڵی بەسەر ئەفغانستاندا کێشاوە، بە ڕوونی ڕەنگدانەوەکەی لە بارودۆخی دیپلۆماسی کابول خۆی نیشان داوە. هەندێک لە باڵیۆزخانەکان داخراون و لە هەندێکی دیکەشدا بە کەمکردنەوەی کارمەندان و ئامادەکاری بۆ بەجێهێشتنی ئەرکەکانی فریاگوزاری پشتی کۆمەڵانی خەڵکی ئەفغان خاڵی دەکەن. ئەمریکا کە ساڵی ٢٠٠١ تەنانەت پێش ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دەربکرێت نەک بەڕاسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکو لەسەر سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی خۆی، هێرشی کردە سەر تاڵیبان، ئێستا دوای نزیکەی ٣٠٠٠ قوربانی سەربازی خۆی و تێچوونی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار و کوژرانی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئەفغانستان و خەرجێکی زۆر بۆ ئەو وڵاتە پاش ٢٠ ساڵ ئەفغانستان بەجێدێڵێ. ئەفغانستان لە دەیەی ١٩٩٠ دا لە دوای ڕووخانی کۆماری دێموکراتی ئەفغانستان و دەوڵەتی دکتور نەجیب اللە بارودۆخێکی زۆر تاڵی بەخۆیەوە بینیوە. ئەوەی کە کام فاکتەرڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە دروستکردنی ئەو هەل و مەرجە دەرفەتی گۆنجاوتری دەوێت، بەڵام بە گشتی تاکڕەوی و تۆتالیتاریزمی قەومی هۆکاری ژێرەوەی ئەو قەیرانە بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕابردووی ئەم بەشە لە مێژووی ئەو وڵاتدا، دەبێت بە وریاییەوە و بە رۆیکەردێکی ڕاستبینانەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین. ئەم سەرهەڵدانە جەماوەریانە لە دژی گرووپی تیرۆریستی تاڵیبان لە بەشە جیاوازەکانی ئەفغانستان و لە نێو گرووپە ئەتنیکیە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەدا  سەرەتا بە شێوەی سەخت و دژوار و لە ڕووی ناچارییەوە بوو. واتە خەڵک بە چاوی خۆیان بینییان کە تاڵیبان بەبێ گوێدانە هیچ سنوور و ڕێزێک هێرشی کردە سەر ناوچەکانیان. هێزی بەرگری و سەربازی ئەفغانیش لە هەندێک ناوچەن بەو هەموو کەرەستە و کەلوپەلانەی کە لە بەردەستیاندایە نەیانتوانی لە بەرامبەریان ڕاوستن، بۆیە تاڵیبان ئەم کەلێنانەی بۆ بەردەوام بوونی هێرشیان بۆسەر ژیانی خەڵک و داگیرکاری و داسەپاندنی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیان لە ئەفغانستان بەکارهێناوە. خەڵكی کە دۆخی مەترسیداری ئەو دەورەیان بینی و ڕابردووی دەسەڵاتی تالیبانیان لەبیر نەکردووە لە دژی تاڵیبان ڕاپەڕینیان کردووە و ئێستا کە ئەم ڕاپەرینە چەکدارانە لە وڵات و لە گرووپە ئەتنیکیە جیاوازەکان لە ئارا دایە پێویستیەکی جیدی بە بەڕێوەبردن و کاناڵیزەکردنی دروست هەیە بۆ ئەوەی ئەو بێ سەروبەرییە بزووتنەوە جەماوەرییەکەی ئەمجارەی خەڵک وەکوو بزووتنەوەکانی دەیەی ٩٠ بەلاڕێدا نەچێ. بۆیە بوونی بیرێکی پێشڕەوەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕاپەڕینانە دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی ئەو مەترسییە گەورەیە و هەموو ئەو هێزانە بە شێوەی ڕاستەقینە بۆ پێکەوەیی و یەکگرتوویی خەڵک بەکار دەهێنرێن. لەم هەلومەرجەدا لایەنەکانی پەیوەندیدار لەگۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان لەهەوڵی ئەوەدان کە جموجۆڵە سیاسی و تەنانەت لۆجستییەکان زۆرتر بکەن و ئەو بۆشایییە پڕبکرێتەوە و پێشوەخت بەشداریی خۆیان بۆ پێکهاتەی وزەی جێگرەوەی حکومەتی ئێستا مسۆگەربکەن. پاکستان و ڕوسیا و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و کۆماری ئیسلامی و چین و هیندستان و تەنانەت تورکیاش لەم دووبارە بەرجەستەکردنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دا لە بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی و ئابووری خۆیان دەگەڕێن. بێگومان هیچ سەیر نییە کە خولی مێژوویی ئەو وڵاتە کە ئەفغانستانی هێنایە ناو کێشەیەکی ژئیۆپۆلتیکی لە ناوچەکەدا دووبارە نەبێتەوە. لەڕاستیدا سەقامگیریی سیاسی لە ئەفغانستان لە سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئەمڕۆ کە لەلایەن هێزە هەرێمییەکانەوە گەمارۆ دراوە، تەنیا ئەمرێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتە نییە  و تەنانەت لە داهاتووش دا لەوانەیە هەمان بەڵا سەر خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە بێتەوە. کۆماری ئیسلامی کە تا ئێستا بەردەوام بووە لە یاری کردنی هاوکات و سێ لایەنە، یاری پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەڵبژێردراوی کابول، پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان و پشتیوانی تایبەتی هەندێک هێزی موجاهدینی ناحکومی و دژە تاڵیبان، ئێستا بیر لە ستراتیژێک بۆ زیاد کردنی قورسایی خۆی لەپەیوەندیی زیاتر لەگەڵ تاڵیبان دا دەکات. سیاسەتی ڕژێم بەرامبەر ئەفغانستان کە هەمیشە لەسەر بنەمای دژە ئەمریکایی و زەمینگیر و دەستبەرداربوونی لەو وڵاتە دا بووە  و قەت بەرژەوەندی گەلی ئەو وڵاتەی لە بەر چاو نەبووە، ئێستا بەدوای پەیمانە لە گەڵ تاڵیبان کە بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هێزێکی کاریگەر. پێویستە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامییش لە ناوچە سنوورییەکان وەک پشتکردنێک بۆ بەرنامەکانی ئەو تیرۆریستانە دووپات بکرێتەوە. لەم دواییانەدا کۆماری ئیسلامی لە بواری دیپلۆماسییەوە میوانداری دوو شاندی دانوستانکاری حکومەتی کابول و تاڵیبانی لە تاران کرد، کە بووە هۆی دەرکردنی ڕاگەیاندنێکی هاوبەش لە لایەن ئەو دوو شاندەوە. ڕاگەیاندنێک کە پێویستی ڕێککەوتنی زیاتری نێوان لایەنەکان و ئاشتی لە ئەفغانستان دا بە بایەخەوە دەنرخێت و ” هەوڵی ئەرێنی ” کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە بەرز دەنرخێنێت. ئەمەش، سەرۆکی ئەمریکا لێ ڕازی بووە. ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدا دێت کە رۆژی دوای واژۆی ئەو بەیاننامەیە دەروازە سنوورییە گرنگەی نێوان هەردوو وڵاتی بەناو “ئیسلام قەڵا “لە دەستی حکومەتی ئەفغانستان دەرهێنراوە و لەلایەن تاڵیبانەوە داگیرکراوە. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی ئێستا کە لە ئەفغانستاندا هەیە، دیمەنی کیشە و مەترسییەکی ناڕوونە، لە هەڵکشانی شەڕی ناوخۆیی و ناسەقامگیری سیاسی، تا بەرەو رووبەڕبوونەوە خوێناوییە ڕەگەزییەکان و دەسەڵات گرتنی دواکەوتوویی ئایینی و خێڵەکی و دووبارە نەمانی دەسکەوتە مەدەنی و سیاسیەکان لە کۆمەڵگای ئەفغانیستاندا. تارمایی بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەمانی بەرهەمی پیشەسازی، کشتوکاڵی و کوێربوونی سەرچاوە کانزاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت. ڕێگرتن لەم دۆخە خراپە کە دەکرێت دەرئەنجامەکانی کۆڕەوێکی نوێی پەنابەران بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ بێت، بابەتی ناوەندیی ئەم ساتەی ئێستایە لە پەیوەند لەگەڵ ئەفغانستان. ئەو ئەفغانستانەی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ شەڕیان تووش کردووە. بۆیە دەبێت کۆتایی بە ٤٠ ساڵ تراژیدیا و تاوان و نەهامەتی لە ئەفغانستان بهێندرێ، ٤٠ ساڵ حوکمی ڕژێمەکانی سەر بە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و بناژۆخوازی ئیسلامی، چل ساڵ پیلانی بەکرێگیراوانی پاکستان، ئێران، تورکیا، سعوودییە، ڕووسیا و چین، چل ساڵ لە چەوساندنەوەی دز و تاڵانچی، چل ساڵ حوکمی ئیسلامیزم، چل ساڵ سەرکوت و سەرکوتی ژنان، چل ساڵ شەڕ و کارەسات، ٤٠ ساڵ چڕکردنەوەی ستەم و کۆمەڵکوژی نەتەوەیی و  ئاوارە بوون و کۆچ.

ئیمپریالیزمی ئیسلامی و ئەمریکایی ئەم هەموو چل ساڵە جگە لە کارەسات و ناخۆشی هیچی تری لەو وڵاتە دروست نەکردووە . ئەنتاگۆنیزمی کۆنەپەرستانەی دوو دەوڵەتی بۆگەنی ئیسلامی و وڵاتانی زلهێز لە غیابی بەدیلێکی پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕانەدا لەم چل ساڵەدا ، توانی وزە و پۆتانسیڵی جەماوەری توڕەی خەڵک لە چەوسانەوە، لە بار بەرێت. بەرهەمی ئەو دوو لایەنەی دەسەڵات لە ئەفغانستان، دژیەکی بنەڕەتی سەردەمی سەرمایەدارییە، ئەویش ململانێی نێوان بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و موڵکداری تایبەتییە. ئەمە ڕاستییەکی سەلمێنراو لە هەموو چل ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستاندا کە هیچ ڕێگایەک بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و دوو شێوازی بۆگەنی ئیمپریالیزمی ئیسلامی و فندمێنتالیزمدا نییە. لەهەموو چل ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕۆژێک بارودۆخەکە بەرەو خراپی چووە و خراپتریش دەبێت.  بۆ ئەوەی لە ئەفغانستان دا کۆمەڵگای نوێ بێ ستەم و چەوسانەوە بنیات بنرێت، بۆ کۆمەڵگایەک کە هەموو هاوپۆلێکی ئیسلامیستانەی کۆنەپەرست یان تێدا نەبێ وبە بێ ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا ، ڕوسیا ، ئێران ،چین ، ئەوروپا و بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکە ، بەهێزی جەماوەریی ڕێکخراوە پێویستە.

گەلی ئەفغانستان ڕقیان لە فندمێنتالیزمی ئیسلامیە ، ڕقیان لە چل ساڵەی دەستێوەردانی  ئەمریکا و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانیانە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تا پاکستان و تورکیای ئیسلامی ئیردۆغانە ، ڕقیان لە چەوساندنەوەی ژنان و ١٠٠ ساڵ چەوساندنەوەیە بەرامبەر بە کەمینەکانی و بە تایبەت هەزارەکان.

پەیامی ئێمە لە کوردستانەوە  بۆ ژنان و پیاوانی ئەفغانستان، بۆ کرێکاران و ڕەنجدەران و ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە، ئەوەیە کە لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیان بە ڕێڕەوێکی نوێ هەیە بۆ ڕزگار بوون لەم وێرانە ٤٠ ساڵە. ڕێڕەوێکی نوێ لە دەرەوەی چوارچێوەی دوو ڕژیمی ئیسلامی و دەسەڵاتی بێگانە کە تەنیا لە فکری بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی. ئەم ڕێچکە نوێیە پێویستی بە نەخشەو ستراتی ژو بەرنامەیەکی زانستی و تیۆرییە کە تەنیا بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەلکی زەحمەتکێش مسۆگەر دەبێت.