کۆمەڵە ، بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و دژایەتییەکانی رژیمی شا و کۆماری ئیسلامی

✍سەیران مستەفازادە

کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی چەپ لە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستانی ئێران خەبات و چاڵاکی خۆی لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاویەوە دەست پێکرد. کۆمەڵە لە سەردەمێکدا لە دایک بوو کە رژیمی دیکتاتۆری شا بالی بە سەر هەموو ئێراندا کێشابوو و  پاش ۹ ساڵ خەباتی نهێنی لە ٢٦ رێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی خەباتی ئاشکرای خۆی دەست پێ کرد .

نیو سەدە خەباتی خەڵکی کورد لە پێناو ئازادی، بەرابەری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و هەروەها کۆڵنەدانی کرێکاران، ژنان، رووناکبیران و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بۆتە مۆتەکەی داگیرکەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان. کۆمەڵە وەک یەکەم حیزبی کوردستان  بە دژی کلتووری پیاوسالاری راوستا  و ژنانی بردە ناو ریزی خەبات و بەرگری لە مافی ژنانی وەکوو ئەرکێکی سەرەکی بۆ خۆی دیاری کرد. کۆمەڵە باوەڕی بە خەباتی جەماوەری هەبوو.  ٢٦ی رێبەندان ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ ” حەمە حسەین کەریمی” یەکێک لە هاوڕێیانی دامەزرێنەری کۆمەڵە، رۆژی ئاشکرابوونی کۆمەڵە و هەروەها ساڵیادی خەباتی دەیان هەزار کەس لە تێکۆشەرانی چەپ و سۆسیالیستە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی چەوساوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە راستیدا گیانبازیی ژمارەیەک لە باشترین مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە بووە بەردی بناغەی ئامانج و بیر و باوەڕێک کە ئەمڕۆکە بۆتە ڕێنوێنی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان کە دڵیان بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی و چەوسانەوە و نایەکسانی لێدەدا.

خەباتی کۆمەلە لەسەر بنەمای بیری چەپ و سۆسیالیستی دامەزرا و دەسپێکرد و درێژەی هەیە. دامەزراندنی سیستمێک بە پێوەری دادپەروەرانەی کۆمەڵایەتی و بەرابەری و یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسین تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەن.

کۆمەڵە لە سەردەمێکدا چالاکیی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند کە شۆڕشی گەلانی ئێران توانیبووی رژیمی شا لە وڵات وەدەرنێت و بروخێنێت و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ کۆمەڵە حیزبێکی چالاک و کۆڵنەدەری مەیدانی خەبات دژی دەسەڵاتی چەوسێنەر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بووە و نوێنەرایەتیی ئاواتەکانی چەوساوەکانی کوردستانی کردووە.

دژایەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاریانەوە بەرانبەر بە مافخوازیی خەڵکی کوردستان و ئامانجە مرۆیی و عەداڵەتخوازانە و یەکسانیخوازانەکانی کۆمەلە ئاشکرا بووە و کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتی خەڵک و لەناوبردن و لاوازکردنی کۆمەڵەی داوە.  هێرشی نیزامی و بڕیاری جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان کە لە ئاکامیدا ژمارەیەک لە باشترین ڕۆڵە خەباتکارەکانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە سەربەرزەکانی کۆمەڵە گیانیان بەختکرد، تیرۆرکردنی ڕابەرانی خاوەن ئۆتۆریتە و ناسراوی کۆمەڵە وەکوو کاک فوادی موستەفاسوڵتانی و کاک سدیقی کەمانگەر و غوڵامی کەشاوەرز و چەندین کادر و پێشمەرگەی کۆمەڵە و گرتن و زیندانی کردن و ئیعدامی ئەندامانی و لایەنگرانی کۆمەڵە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران، ئەزیەت و ئازاری خانەوادە و کەس و کاری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دەیان پیلانی دیکەی حکوومەت ئاکامێکی بێجگە لە ڕیسوایی حکوومەت و شێلگیربوونی زیاتری خەباتکارانی کۆمەڵە و و دڵنیایی زیاتریان لە ڕەوایی ڕێباز و ڕێگەکەیان بەدواوە نەبووە.

رژیم کە دەزانێ لە هەموو پیلانەکانی بە دژی خەباتکارانی کوردستان شکەستی خواردوە ئەمجارە دەستی کردووە بە پروپاگەندەی بەرینتری ڕاگەیاندن لە تیڤی یەکانی خۆی و دەیەوێ سیمای حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردستان رێبەرانی تێکبدا و بەو شێوەیە بە ئامانجەکانی خۆی بگات، بەڵام ئەوەی دیار و زۆر روونە ئەوەیە کە نییەتە چەپەڵەکانی رژیم بۆ خەڵکی کورد ئاشکرایە و خەلک بە باشی ناوەرۆکی رژیمیان ناسیوە و هەروەها رۆڵەکانی خۆشیان جوان دەناسن و بۆیە ئەم سناریۆیەی رژیمیش هەر لە سەرەتاوە پرۆژەیەکی شکەست خواردوو بوو و هەر لە نوتفەدا خنکا و رژیم و دەست و پێوەندەکانی باش دەزانن کە ئەم جۆرە پیلانانە ناتوانن کار لەسەر ورە و توانایی خەڵک و کۆمەڵە بکات و بە پێچەوانەوە ئێمە زیاتر لە جاران لە سەر ڕێباز و چالاکی خۆمان سوور و سوورتر دەبین