چەپی کوردستانی, سۆسیالیزم و ئیستراتژی نەتەوەیی….!

بەشی سێهەم
گوتاری چەپی کوردستانی، دژ یا هاوتەریب لەگەڵ چەپ لە کوردستان
جیاوازی لە نێوان بەکارهێنانی ئەو دوو وشە “چەپی کوردستانی و چەپ لە کوردستان” تەنیا شتێکی ئاسایی نیە کە بە بێ بیرلێکردنەوە روویدابێت یا بە هەڵکەوت هاتبێتە ئاراوە، بەڵکوو دەستەواژەی “چەپ لە کوردستان” لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە جیهانبینی کە لەم تێروانینەدا کوردستان فاکتەرێکی سەربەخۆ نیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو بەڵکوو ماتریاڵ و بەشێکی بچووکە لە گشتێکی گەورەتر بە ناوی ئێران بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژەیەکی ناتەواو، جا ئەو پرۆژەیە دەتوانێ ئێرانێکی دێمۆکراتیک بێت یان ئێرانێکی سۆسیالیست. واتە هەوڵدان بۆ بە هێزکردنی چەپ لە کوردستان لە رەوتی مێژوویی خۆیدا بەو مانایە هاتووەو ئەو ئاراستەشی گرتووە کە ئەم رەوتە هەوڵدەدات بە بەهێزکردنی ئەم گوتارە لە کوردستان خزمەت بە ئیستراتژیەکی گەورەتر لە ئاستی ئێراندا بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو بۆ وێنە “شۆڕشی کرێکاریی ” یا هەر مۆدێلێکی دیکەی بەڕێوەبەریی. بۆیە خودی کۆمەڵە کە دەبێتە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران رێک بەم ئاراستەدا هەنگاو دەنێت کە پۆتانسیەلی شۆڕشگێڕانەو چەپ لە کوردستان ئاراستە دەکات بەرەو تێکەڵکردنێکی سەرتاسەری بە ئامانجی گەیشتن بە سۆسیالیزم لە ئێران. لێرەدا دوو بابەت هەیە، بێگومان کوردستانیش وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە خاوەن چینی جیاوازەو ناکۆکی نێوان چینەکانیش بە زەقی دەبینرێت و هەوڵدانیش بۆ سڕینەوەی ئەو قەیرانە ئەرکێکی خەباتکارانەیە، بەڵام ئەگەر چارەسەری ئەو ستەمە بە خۆدزینەوە لەو ستەمەی دیکە واتە چاوپۆشی لە” مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کورد بۆ سەربەخۆیی” بێت، ئەسڵ و بنەمای سۆسیالیزمیش دەباتە ژێر پرسیارەوە چونکە سۆسیالیزمی ئەمڕۆ دەبێ دژی هەموو فۆرمەکانی ستەم بوەستێتەوە بە تایبەت بۆ نەتەوەیەک کە مافی بوونی کیانێکی سەربەخۆی لێ زەوتکراوە.
لێرەدا ئەوە راستە کە ئەوان لە بەرنامەیاندا داوای ” مافی دیاریکردنی چارەنووس ” بۆ خەڵکی کوردستان دەکەن، بەڵام خۆیان لە بەرەی دژایەتی لەگەڵ بڕیاری سەربەخۆییدان چونکە بەردەوام پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئێمە داوا ناکەین خەڵکی کوردستان لە ئێران جیا بێتەوەو بە زیانی دەزانین و پێویستە لەگەڵ ئێران بمێنینەوە. لێرەدا لە بۆچوونی ئەواندا شی ناکرێتەوە کە مەبەست لێی کام جۆر زیانە. بەڵام دەکرێ خوێندنەوەی بۆ بکرێت کە لای ئەوان ئەگەر چینی کرێکار لە کوردستان رێک بخرێت بە مەبەستی ئەوەی لە وڵاتی سەربەخۆی خۆیدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت دەبێتە بابەتێک کە گوایە خەباتی چینایەتی و یەکڕیزی کرێکاران لە ئاستی سەرتاسەریدا تێکدەدات و بە زیانی سۆسیالیزمە، بەڵام ئەم چینە کرێکارە بە تێکەڵبوونی لەگەڵ کرێکارانی ئێران رزگاری دەبێت، واتە چەپ و سۆسیالیست بوون نەک بە پێی پێوەرێکی زانستی کۆمەڵایەتی مارکسیزم، بەڵکوو بە بوونی لە جوگرافیای وڵاتێکی گەورەتردا پێناسەی راستیی خۆی وەردەگرێت، بۆیە لەم لێکدانەوەدا کرێکاران نەک بە پێی بوون و بەشداریان لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان، بەڵکوو جوگرافیای شوێنی ژیانیان دەبێتە پێوەر بۆ خەباتی چینایەتی.
ئەگەر مەبەست لە دژایەتی لەگەڵ دەوڵەت ئەوەیە کە مارکس دژی دەوڵەتە و ئەوانیش بە بابەتێکی دواکەوتووانەو دژی بیرۆکەی مارکسیزمی دەزانن، بێگومان لێرەدا هەڵە تێگەیشتنێکی مێژوویی روویداوە واتە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی نەتەوەکان لە ژێر چەپۆکی داگیرکاریی لەگەڵ پرسی دەوڵەت وەک فۆرمێکی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی سیاسی ئابووریی جیاوازیەکی زۆری هەیە. ئەگەر لایەنێکی چەپ داواکاریی سەربەخۆیی بە داڕمانی ئیدۆلۆژیەکەی پێناسە بکات ئەی چۆنە مارکس پشتگیری لە ئیرلەندیەکان دەکات بۆ سەربەخۆیی و سەرکۆنەی چینی کرێکاری بریتانیا دەکات کە نابێ ببنە دەستەچیلەی شەڕی داگیرکەران. یان مارکس لە ٢٤ی مارسی ١٨٧٥ لە وتەکانیدا بەرانبەر پۆلەندیەکان دەڵێ: تەنیا پاش ئەوەی خەڵکی پۆلەند سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێناو سەرلەنوێ بتوانن وەک خەڵکێکی ئازاد خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەو کاتەیە کە گەشەی ناوخۆییان دەسپێدەکات و بەمشێوە دەتوانن وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ئاڵوگۆڕەکانی ئوروپادا بەشدار بن. بۆیە مارکس لە هەڵوێستەکانیدا بەرانبەر بە سۆسیالیستەکانی پۆلەند دەڵێت کە ئێوە دەبێ جڵەوی پرسی سەربەخۆیی لەو وڵاتە بە دەستەوە بگرن و لەولاشەوە سەرکۆنەیان دەکات و بەم رستە پێیان دەڵێت، کە پۆلەندیەکان بۆ ئازادیی ئوروپا خەباتیان کرد بەڵام لەولاوە سەربەخۆیی خۆیان لە دەستدا. ئەمە رەنگە نزیکترین وێنەیەک بێت لە دوو نەتەوەی داگیرکراوی دابەشکراو، پۆلەندیەکان و کوردەکان کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتانی دیکە شەڕیان کردووە، بەڵام بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەی خۆیان کەمترخەم بوون واتە سەربەخۆیی خۆیان کردوەتە قوربانیی ئازادیی ئەویدیکە.
لەم نموونانە لە مێژووی خەباتی سیاسی لە کوردستان کەم نین بۆ وێنە، حیزبێک لە باشووری کوردستان بە ناوی “پارتی دێمۆکراتی کورد لە سێهەمین کۆنگرەی خۆیدا لە 26.01.1953 کە لە شاری کەرکووک بەسترا بڕیاریدا بیری مارکسیزم لێنینیزم بکاتە بنەمای ئیدۆلۆژیکی خۆی، بەڵام هەرکات بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە جیهان کەوتە مەترسیەوە پێویستە واز لە بزووتنەوەی کورد بهێنێت. هەر وەک چۆن کۆمەڵە لە کۆنگرەی دووهەمی خۆی لە ساڵی 1360ی هەتاویی خۆی وەک رەوتێکی سەرتاسەریی پێناسە کردوو، دەڵێ مەسەلەی کوردستان بۆ کۆمەڵە مەسەلەی مان و نەمان نیەو ئێمە لە درێژەی شۆڕش لە ئێراندا هەنگاو دەنێین.
کەواتە لەم کانتێکس و فۆرمەدا ئێرانیبوون و گەیشتن بە ئێرانێکی دیمۆکراتیک، سۆسیالیست یان فیدراڵ و هەر مۆدێلێکی دیکە دەبێتە کۆتایی ئەو پرۆژە سیاسیەی کە ئەم حیزب یا ئەویدیکە خۆیان لەسەر بونیات ناوەو ساڵانێکە بۆی تێدەکۆشن. لەم بیروبۆچوونەدا ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو کەرەسەیەکی بەردەستیان بە هێزی مرۆیی، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەڵام بە وتەی خۆیان، لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، هەوڵ بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی دەدەن کە لە ژێر ناوی چەپ و راست یان ناوەڕاست، سەرکەوتنی پرۆژەکانی خۆیان لە ئاستێکی بەرفراوانی بوون بە ئێرانیەکی چەپ، کۆماریخواز یان سۆسیال دێمۆکرات پێناسە دەکەن، وە کوردیش بەشێکە لەم پارادایمە بۆ بە کۆتایی گەیاندنی ئەو ئامانجە.
بۆیە ئێمە لە بەرانبەردا دەڵێن کە چەپ لە کوردستان دەبێ جێگەی خۆی بدات بە چەپی کوردستانی، واتە کوردستان وەک کیانێکی سەربەخۆ لە ئێرانی داگیرکەر کە تێیدا هێزی کرێکار و زەحمەتکێش، رووناکبیرو بازاڕیی، لاوان و مامۆستایان و سەرجەمی چینەکان دەبێ وزەو توانی خۆیان بەکار بهێنن بۆ کوردستانێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی وەک هەموو نەتەوەکانی دیکەی جیهان، نەک کەڵک وەرگرتن لەم پۆتانسیەلەو کردیان بە کەرەسەیەک بۆ بیناکردنەوەی سەرلەنوێی قەڵای داگیرکەری ئێرانیی.
چەپی کوردستانی و راست لە کوردستان
مێژووی خەباتی ئەو حیزبە سیاسیانەی کە جێگە پەنجەیان لەو بزووتنەوەدا دیارو بەرچاوە تا ئەم ساتەشی لەگەڵدا بێت ئەوەمان پێدەڵێ کە کۆتایی ئیستراتژیان پاراستنی یەکپارچەیی ئێرانە، بەڵام لە ژێر ناوو ناونیشانی جیاواز. یەکیان دەڵێ چینی کرێکار دەبێ لە ئاستی ئێراندا یەکگرتوو بێ بۆ شۆڕشی کرێکاریی بە مەبەستی گەیشتن بە سۆسیالیزم لە ئێران، ئەوی دیکەش لە ژێر چەتری فیدرالیزم لە ژێر ناوی دێمۆکراتیزەکردنی ئێران و مافی کەمایەتیەکان، هەمان یەکپارچەیی ئێران دەپارێزێت. خۆی لە بنەڕەتتدا بیری ئۆتۆنۆمی (خودموختاری) پێشتر و فیدرالیزمەکەی ئێستا، بۆ نەتەوە بندەستەکان پڕۆژەیەکە بە مەبەستی تواندنەوەو لە گۆڕنانی بیری سەربەخۆیی نەتەوەیەک، کە بەردەوام لە ململانێی داگیرکەراندایەو خۆی رادەست نەکردووە، چونکە فیدرالیزم و ئۆتۆنۆمیش هەر لە چوارچێوەی گوتاری کۆلۆنیالیستی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. تا ئەم کاتەش ئەوانەی بە ئەحزابی کۆن یا سوننەتی ناسراون لە دوو ئاستی هەرە گرینگ لەگەڵ گوتاری چەپی کوردستانی ناتەبایی هەیە. یەکەم ئەوەی کە حیزبی راستی نێو بزووتنەوەکە لە بواری ناوەرۆکەوە هیچ پڕۆژەو پلانێکی بۆ گۆڕان لە سیمای کۆمەڵگای کوردستان لێ بەدی ناکرێت، چونکوو لە بنەڕەتتدا ناتوانێ لەگەڵ خواستی پێشکەوتنخوازی خۆی بگونجێنێت. ئەو لایەنە سوننەتیە بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئێمە لە کوردستان لەگەڵ رێنسانسێکی کۆمەڵایەتی رووبەڕووین کە سیمای کلتووری کۆی کۆمەڵگای گۆڕیوە، ئەوان هێشتا هەوڵیان ئەوەیە کە بەشێک لە سوننەتە کۆنەکان بە تایبەتی ئایین کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دواکەوتوو راگرتنی کۆمەڵگەن، بە زیندوویی رابگرێت و تەنانەت رێکخراویشیان بکات بۆ ئەوەی لە دژی لایەنی چەپی پێشکەوتنخوازی نێو کوردستان بەکاریان بهێنێت. لە لایەکی دیکەوە بە هێشتنەوەی هەمان فۆرمی کلتووری نایەکسانی، پێش بە هەر رەوتێکی چەپ بگرن کە بیەوێت بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان بخاتە مەترسیەوە، بۆیە هەوڵیان ئەوەیە کە خۆیان لەگەڵ ئەو چینە باڵادەستە کە دەیەوێ دەست بەسەر هەموو سامان و داهاتی خەڵکدا بگرێت رێک بخەن و بەمشێوە ئەوانیش بەشێک بن لە پڕۆژەی نیۆلیبڕالیزمی جیهانی لە کوردستان بۆ هەرچی زیاتر چینایەتیکردنەوەی ئەم کۆمەڵگە لە پێناو بەرژەوەندی کەمینەیەکی خۆسەپێنەر.
یەکێکی دیکە لە ناتەباییە سەرەکیەکە ئەوەیە کە وەک چۆن دەستەواژەی “چەپ لە کوردستان”مان تا رادەیەک شیکردەوە، راست لە کوردستانیش هەمان پڕۆژەیە بە دوو مەبەست. یەکەم هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتن لە هەست و سۆزی خەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی حیزبی کۆن و مێژوویی، بەڵام لە ئیستراتژیدا بەتاڵکردنەوەی پرسی کوردە لە خواستی سەربەخۆیی و بەلاڕێدابردنی جەماوەرە لە رێگەی کاریزماو نۆستالێژیای رێبەرەکان. هەردوو لایەنی چەپ لە کوردستان و راست لە کوردستان یەک خاڵی هاوبەش و یەک خاڵی ناکۆکیان هەیە، خاڵی ناکۆکیان ئەوەیە کە چەپ لە کوردستان ئاواتی دەسەڵاتی سۆسیالیستی لە ئێرانی هەیە بەڵام راست بە پێچەوانە لەگەڵ رەوتی جیهانی سەرمایەداری و لیبڕالیزمی نوێدا خۆی هاوتەریب دەکات و ئاواتی ئەوەیە کە بەرەی سەرمایەداریی لە ئێرانی فیدڕاڵیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە ئەمە لە خۆیدا لە روانگەی بەرژەوەندی کرێکاران و چینی خوارەوە بێگومان دوو ئاراستەی جیاواز بە خۆیەوە دەگرێت.
بەڵام خاڵی هاوبەشی هەردووکیان وەک پێشتریش ئاماژەیەکی پێکرا، پاراستنی کۆی جوگرافیای ئێرانە بەڵام بە وەرگرتنی هەندێک ماف. کەواتە چەپی کوردستانی لە راستیدا لە بەرانبەر تێڕوانینی ئەو دوو لایەنەدا گوتارێکی جیاوازی هەیەو بە دیدێکی رەخنەگرانە دەڕوانێتە ئەو دوو بیرۆکە، واتە چەپی کوردستانی نەک هیچ پابەندیەکی بە پاراستنی جوگرافیای ئێران نیە، بەڵکوو ئێران بە داگیرکەرێکی دیکتاتۆرو سەرەڕۆ پێناسە دەکات کە خاکی کوردستانی زیاتر لە سەدان ساڵە داگیرکردووە کە دەبێ رۆژێک لە رۆژان ئێستا یا داهاتوو لە هەموو جوگرافیای مێژوویی کوردستان بکرێتە دەرەوە. لە لایەکی دیکەشەوە پێمانوایە گەشانەوەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانیش تەنیا لە گرەوەی سەربەخۆبوونی کوردستانێکە، رەوتی چەپی ئەمڕۆیی و دوور لە دەمارگرژی ئیدۆلۆژیک، بتوانێ بە پڕۆژەیەکی پێشکەوتنخوازانە لە هەموو بوارەکاندا، بنەمای کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئازاد کە جەماوەری خەڵک لە سوود و داهاتەکەی بەهرەمەند بن بۆ ژیانێکی بەرابەرو سەربەرزانە، بونیات بنێن.
درێژەی هەیە…