چەپی کوردستانی، سۆسیالیزم و ئیستراتژی نەتەوەیی…!

0
پەرویز ڕەحیمزادە

بەشی چوارەم

چەپی کوردستانی دژ بە ڕاستی ئێرانیی

مێژووی نەتەوەکان پڕن لەو ئەزموونانەی کە داگیرکەران لە نێو وڵاتەکانی ژێر دەستەی خۆیان، دەست و پێوەندی خۆیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی خەباتی خەڵکی ئەو وڵاتە بە لاڕێدا ببەن. بۆ وێنە توندڕەوترین باڵەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیی، پیلانی بەرەی رێفۆرمخواز “جبهە اصلاحات” یان داڕشت بۆ دوو مەبەستی سەرەکی، یەکەم رژیمی ئێران لە سەردەمێکی قەیراناوی لە پێوەندیە دەرەکیەکانی خۆیدا بوو کە پێویستی دەکرد لایەنێکی هێورتر بهێنێتە سەرکار بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە دەرەکیەو تا رادەیەکیش تێیدا سەرکەوت، دووهەمیش کۆمەڵگای ئێران کە لە نێو ناڕەزایەتیەکی بەریندا دەکوڵاو ئەگەری راپەڕینێکی کۆمەڵایەتی، بە هۆی خواستی بەرینی جەماوەری چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا بۆ ئازادی لە ئارادا بوو، رەوتی رێفۆرم مەجالێکی هەناسەکێشانی دا بۆ ئەوەی نەکا ئەم تووڕەییە پەنگخواردووە بتەقێتەوەو شۆڕشێکی لێ بکەوێتەوە، کە لەو پیلانەشدا سەرکەوت و توانی لە ماوەی هەشت ساڵدا بەشێک لە پۆتانسیەلی شۆڕشگێڕانە بکێشێنێتەوە نێو پڕۆژەی ئیسلاحات و بەمشێوە پاسیڤیان بکات. هەر بەو جۆرەی لە کوردستانیش بەشێک لە چالاکانی سیاسی کوردی بۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵ فۆرمە گشتیەکەدا رێکخست کە گوایە هەر لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا مەجالی گۆڕانکاری و چاکسازیەک هەیە. بۆیە راستی ئێرانیی لە نێو کوردستانیشدا دەست و پێوەندی خۆی پەیدا کرد، ئەوانە ئەڵبەتە بەشێکی لە ناوخۆ بوون کە ساڵانێکی زۆری سەردەمی رێفۆرمخوازیی، حیزبەکانیان بەوە تاوانبار دەکرد لە دەبێ ئەم دەرفەتانە ببینن و کەڵکی لێوەر بگرن. لەم نێوەدا و لە دەرەوەی جوگرافیای ئێرانی داگیرکەریش دوو لایەنی کوردستانی یەکیان ح.د.ک بە جۆرێک لەگەڵ بەرەی رێفۆرمخوازانی کورد رێکەوت و یەکی دیکەشیان ک.ش.ز.ک.ئ “بە وتەی خۆیان” گەیشتە ئەو ئاستەی کە پێوەندی راستەوخۆیان بە رێبەرانی بزووتنەوەی سەوزەوە گرت و بەمشێوە خۆی خزاندە نێو ئەو ئاڵقە ئێرانیە، کە ئێستاش و بە تایبەت لەم قۆناغی شۆڕشی ژینا سەرلەنوێ لە رێگەی شوورای هاوپشتی، گوتاری “جۆرج تاون”یان کرد بە پردێک بۆ سەرلەنوێ دانەوەی بەڵێنە پێشووەکە بە مووسەوی و کوڕی کۆنە دیکتاتۆری پێشوو، کە ئێمە ئێستاکەش وەفادارین بە یەکپارچەیی سەرزەمینی و هێشتنەوەو درێژکردنەوەی سەرلەنوێی ستەم و داگیرکاریی.

ئەو بەرە کە لە کوردستاندا پێکهات و بەشێک لە چالاکانی سیاسی ناوخۆو بەشێک لە حیزبە کوردیەکانیشی گرتەوە لە راستیدا لە بواری نەتەوەییدا گرێدراوی بەرەی راستی ئێرانی و لە بواری چینایەتیش، بەرەی دژ بە چینی کرێکارو زەحمەتکێش و کۆمەڵانی بەرینی کوردستانە، کە پلانەکانیشی دژی بەرژەوەندیەکانی ئەوانە و ئێستا لەکەس شاراوە نیە ئەوان سەر بە بلووکی لیبڕالیزمی جیهانی و دژ بە هەموو بنەمایەکی چەپ و عەداڵتخوازانە دەجووڵێنەوە. بۆیە ئەو کەسایەتی و لایەنە کوردیانەی خۆیان خستە نێو ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ بەرژەوەندی نەتەوەیی و چینایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان یەک ناگرنەوە، چوونکە لە هەردوو رووبەرەکەدا دەکەونە بەرەی ناتەبا لەگەڵ ئەو خواستە مێژووییە، واتە خواستی سەروەریی سیاسی بە مەبەستی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و مافی یەکسانی و بەرابەریی.

چەپی کوردستانی و پرسی ئایین

  هەڵکەوتەی جوگرافیایی کوردستان بە جۆرێکە جیا لەوەی لە ناوچەیەکی پڕ ئاڵۆزو کێشەدا دەژی، هاوکات هەر چوار وڵاتی داگیرکەری دەورووبەر سەر بە ئایینی ئیسلامن. ئەمە بارودۆخێکی بۆ خەڵکی کورد پێکهێناوە کە تا رادەیەک لە پرۆسەی مێژوویەکەیدا ناچاری بکات بە قبووڵکردنی ئەم دیاردە. بەڵام وەک دەبینرێت هەرکات و لە هەرکام لەو بەشانەدا کە بزووتنەوەی سیاسی کورد توانیبێتی دەسکەوتێک بەدەست بهێنێت بە زۆری لایەنی پێشکەوتنخوازانە بەسەر ئەزموونەکەیدا زاڵبووە ئەگەرچی بێ کەم و کۆڕیش نەبووە. بەڵام ئەوەی گرینگ و مایەی دڵخۆشیە کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکەی رەوتێکی پێشکەوتنخوازە.

ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی پێش دوو هەزار ساڵ هەڵبدرێتەوە زۆر بە روونی هەموو ئەو ئارگۆمێنتانەمان بۆ دەردەکەوێ کە خەڵکی کوردستان لە سەردەمە کۆنەکاندا سەرەڕای ئەوەی بە زۆری شەڕو هێرش، ئاینیی ئیسلامیان بەسەردا سەپاند، بەڵام هێشتا ئەم ئایدۆلۆژیە بۆی نەبوەتە پێناسەیەک بۆ خۆ ناساندن. واتە کاتێک کوردێک خۆی پێناسە دەکات لە کوردبوونەوە دەڕوات بۆ ناساندنی خۆی کە چەند فاکتەرێکی گرینگ لە خۆدەگرێت لەوانە، کلتوور، زمان، هەڵسووکەوتی کۆمەڵایەتی، جوگرافیا و مێژوو. بەڵام ئەوەش حاشای لێ ناکرێت کە هەندێک لق و پۆی مەزهەبی لە نێو کوردستاندا بوونیان هەیەو حیزبی واش هەیە کە موسڵمان بوون و کوردبوون هاوتەریب دەکات یان بەشێکی تا رادەیەک توندئاژۆتر خۆیان یەکەم بە موسڵمانی پێڕەوی ئیسلام پێناسە دەکەن و دواتر کوردبوون، بەڵام لە وێنا گشتیەکەدا ئەوەی بە روونی و لە رەوتی خەباتی خەڵکی کورد دەبینرێت زۆرینەی جەماوەر پێناسەی کوردبوون دەخەنە پێش ئایینی بوون. بەڵام رەوتی ئیسلامی سیاسی لەم ناوچە بە تایبەتی کۆمەڵێک لق و پۆی بە مەبەستی دیاریکراو پێکهێناوە بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک دژی زانست و پێشکەوتن بوەستنەوەو رێگە نەدەن کۆمەڵگا بەرەوپێش بڕوات.

ئێستە ئیتر ئەم مێژووە نوێیەو بە تایبەتی بزووتنەوەی ژینا پێمان دەڵێ کە شۆڕشی کوردستان لە قۆناغی رینسانسێکی فیکری و کۆمەڵایەتیدایەو وەک بە درووستیش باس دەکرێ، شۆرشی ئیسلامیی بەو جۆرەی لە ئێراندا لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی هاتە ئاراوە بە هیچ جۆرێک کوردستانی نەگرتەوەو بە پێچەوانە کوردستان بووە لانکەی بەرەی سێکۆلار، پێشکەوتنخوازی و مۆدێرنیزم. ئەو سەردەمەی خەڵکی کوردستان لە کەشێکی ئازادو دێمۆکراتیک بنکەو شووراکانیان دادەمەزران و رێکخراوەکانی تایبەت بە چینە جۆراوجۆرەکان پێکهاتبوون، ئێرانیەکان بانگەوازی ئەوەیان دەکرد کە وێنەی خۆمەینیان لە نێو مانگدا دیوەو بە ملیۆنان کەس لە دەوری ئەو کۆنەپەرستیە کۆدەبوونەوە. هەر ئەم شۆڕشی ژینا پێوانەیەکی بە تەواوەتی راستەقینەی لە روخساری بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان نیشاندا کە لە پێشکەوتنخوازیی و یەکسانیخوازیی چ بناغەیەکی بە هێزی هەیە و لە جووڵەیەکی شۆڕشگێڕانە هەموو ریسی ئیسلامی سیاسی و دواکەوتوویی کردەوە بە خوری و ئەو پەیامەی بۆ هەموو جیهان بەڕێکرد کە کورد لە نێو دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆنەپەرست کە سەرەڕای ئەوەی چوار دەسەڵاتی دواکەوتووی داگیرکەر گەمارۆی داوە، چ نەتەوەیەکی پێشکەوتنخوازو یەکسانیخوازە. بێگومان کوردستانی سەربەخۆی داهاتوو لە هەمانکاتدا لانکەی رێزگرتنە لە بیروباوەڕە جیاوازەکان و دەربڕینی ئازادانە هەڵبژاردنی هەر باوەڕێک بە مافی تاک بە تاکی خەڵک دەزانێ، بەڵام یاساو رێسا گشتیەکان بە تەواوی مرۆڤ تەورەو پرسی ئایین تەنیا بابەتێکی تاکەکەسیە.

 چەپ بوون بۆ تاکی کورد

زۆربەی هەرە زۆری رەوت و حیزبە چەپەکان لە ئاستی جیهان، لە راستیدا هەر کامەیان بە پێی باری مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین هەوڵیانداوە کە چەپ پێناسە بکەن و لە بەرنامەو رێبازی خۆیاندا بیگونجێنن، چونکە کاردانەوەی جەماوەری بەرانبەر بە رەوتە چەپەکان لە جیهاندا بە شێوەیەکی یەکسان و یەک رەهەندی گشتگیری نیە، بەڵکوو کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە بە پێی بارودۆخ و پێکهاتەی کۆمەڵگەو نەریتەکانی تایبەت بە خۆیان چەپیان وێنا کردووەو وەڵامیان پێداوەتەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بیرمەندانی ئەو وڵاتانە لە باسی تیۆریزەکردنی بنەماکانی چەپ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیان لەبەرچاو گرتووە. بۆیە هەر وەک چۆن چەپی ئاڵمانی، رووسی، ئۆتریشی، ئیتالیایی، ئەمریکایی و ئێرانی بوونی هەیە دەبوو چەپی کوردستانیش هەبێت. بەڵام ئەو راستیە ناشاردرێتەوە کە کورد خاوەن بیرمەندێکی وەها نەبووە یان بە هۆی داگیرکاریەوە مەجالی دەرکەوتنی پێ نەدراوە کە بتوانێ لەم بوارەدا پێناسەیەکی سەربەخۆ بۆ چەپ لە کوردستان بینا بکات، بۆیە لە باری مێژووییەوە بەردەوام وەک دەوترێت بە بیری چەپی نەتەوەی باڵادەست بنەمای سیاسەتی خۆی داڕشتووە.

کەواتە چەپی کوردستانی بە وشیاریی بەوەی کە رۆژئاوا لانکەی لە دایکبوون و گەشەی بیری چەپ بووەو بە سەدان بیرمەندی لە داوێنی خۆی پەروەردە کردووە بۆ خزمەتی هەم کۆمەڵگای خۆی و هەمیش مرۆڤایەتی بە گشتیی، ئەم ئەندێشە توانیویەتی بە هەموو جیهاندا بڵاو بێتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا تاکێکی کورد دەتوانێ و دەبێ فۆرمێکی نوێ بونیات بنێ و جارێکی دیکە بە قووڵی رۆبچێتە نێو کۆمەڵگەی خۆیەوە بۆ ئەوەی هەموو رەگە ونبووەکانی مێژوویی بیری یەکسانیخوازی و عەداڵەتخوازانەی خۆی بدۆزێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایە کوردستان بکاتە خاوەنی چەپێکی سەربەخۆ. هەرچەندە ئێمە لە جیهانێکی گشتگیردا دەژین و  فاکتەرگەلێکی زۆر هەن کە کاریگەریمان لەسەر دادەنێن بەڵام ئەوە بەو مانا نیە کە ئێمە دەبێ لە فۆرمێکی گشتیدا بتوێینەوەو ئاسەوارێکمان لێ نەمێنێت، بە تایبەت بۆ نەتەوەیەک کە خاوەنی مێژوویەکی دوورو درێژە، پێچەوانەکەشی بەو مانا نیە کە مەبەستمانە ببینە نەتەوەیەکی خۆپەراوێز و نامۆ لە هەر ئاڵوگۆڕێکی جیهانیی، بەڵام ئەوەی گرینگە پێویستە خەڵکی کوردستان ببنە خاوەنی هێزێکی سەربەخۆی چەپی کوردستانی و خۆیان لە پاشکۆیەتی چەپی نەتەوەی باڵادەست دەرباز بکەن و هاوکات وەک هەموو نەتەوەکانی دیکەی سەر ئەم گۆی زەویە وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ بیربکەنەوەو هاوکات بە فەرمی بناسرێت و بە یەکسان چاوی لێ بکرێت. ئەوەی بە تایبەتی لە ماوەی خەباتی سەد ساڵی رابردوو هاتوەتە بەرهەم بە چەپ و راست یان هەر بۆچوونێکی دیکە، سەرەڕای ئەوەی توانیویەتی لە هەندێ ئاستدا پێشکەوتنێک بەدەست بهێنێت بەڵام لە وێنا گشتیەکەدا هێشتا فۆرمێکی دیکەیە لە کۆیلەتی و ژێردەستە بوون، واتە گرتنە پێشی رێبازێکی سیاسی، فیکری کە کۆتایی و مەنزڵگەکەی دوورەپەرێزیە لە باسکردنی سەربەخۆیی و کردنی تاکی کوردە بە کەرەسەیەک بە مەبەستی تواندنەوە لە ئاستە گشتیەکەدا. بۆ وێنە”ئێرانی بوون” یا “کۆمۆنیست بوون” وەک دوو دەستەواژەو رێباز  کە بە بێ لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگە، هەنگاو بەسەر سنوورەکانی کوردستان دەنێت بۆ خۆتێکەڵکردن لەگەڵ جوگرافیا یان ئەندێشەیەکی گشتیر، “یەکیان بۆ خزمەتی دێمۆکراسی ئەوی دیکەیان بۆ خزمەتی خەباتی ئینترناسیۆنالیستی” کە لەم ئەندێشانەدا دێمۆکراسیخوازەکان بانگەوازی ئەوە دەکەن کە با هەموومان پێکەوە بە ئاشتی و ئارامیی لە ئێرانێکی دیمۆکراتیکدا بژین و کۆمۆنیزمی ئێرانیش دەڵێن وەرن با پێکەوە لە خەباتی چینایەتی بەشدار بین بۆ سەرخستنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێران…   درێژەی هەیە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *