کۆچی مێژوویی مەریوان، بەهێزترین خەباتی مەدەنی بەهێزترین یەکدەنگی بەهێزترین ئیرادە…!
کۆچی مێژوویی مەریوان،
بەهێزترین خەباتی مەدەنی
بەهێزترین یەکدەنگی
بەهێزترین ئیرادە…!
دواڕۆژ
بریاری ژیرانەی کاک فۆئاد وەک داهێنەرێکی بەهێزی خەباتی مەدنی و پشتیوانی خەڵکی مەریوان، حەرەکەتێکی تایبەتی و تاكتیكێکی شۆڕشگێڕانەی سەردەمێکی تایبەت بوو لە بەرانبەر سیاسەتی سەركوتگەرانە و شەڕەنگێزانەی رژیمێکی تۆتالیتێری تازە بەدەسەڵات گەیشتووی لەچەشنی کۆماری ئیسلامیی. ئەم حەرەكەتە مێژووییە كە بە داهێنان و رێنوێنی کادرەکانی کۆمەڵە بە تایبەتی فوئادی ڕێبەر گەڵاڵە ببوو، بوو بە یەكێك لە پێناسە هەرە گرینگەكانی شێوازی خەباتی جەماوەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان . ئەم هەنگاوە گرنگە کە تا ئەو سەردەمە نموونەی نەبوو، لە ماوەیەكی کەمدا هاودەنگی و هاودڵییەكی بەرینی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی تینوی ئازادی و یەکسانی پێکهێنا. ئەم هاودڵی و یەکییەتی و هاوخەباتی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان سنوورەکانی نایە پشت سەر و بوو بە ترپەی دڵی هەموو نافەرمانیە مەدەنییەکانی دوای خۆی.
زۆر جار بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە خواقێنەری رووداوە مێژووییەکانن و بە نافەرمانی مەدەنی ناوزەد دەکرێن، بۆ سالهای ساڵ وەک ئاوێنەی باڵانوێن لە سەردەمە جیاوازیەکاندا، خۆ دەنوێنن و رۆڵی تایبەتی خۆیان دەگێڕن و دەبنە هێمایەکی گرینگ بۆ دەسپێکی شۆڕششێکی نوێ لە قوڵایی دڵی کۆمەڵگا. ٤٥ ساڵ لەمەوبەر لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، برووسکهلی روداوێکی لەم چەشنە لێدرا. ئەوکات زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان لەلایەن شۆڕاکانی شارەوە بەرێوە دەبردران. کە ئەم شۆڕایانە لەلایەن خەڵکەوە هەم هەڵدەبژێردران و هەم پشتیوانێکی گەرم و گوڕیان لێدەکرا. دیارە ئەو سەردەم ناوەندگەڵێکی تریش هەبوون کە ئەوانیش بەهێز و ئیرادەی خەڵکەوە دامەزرابوون و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە تایبەتی لە شاری مەریوان چاڵاک بوون. ئەو کات خەڵکی کوردستان لەگەڵ دوژمنی سوێندخواردوی خۆیان لە بەرەی شەڕدا بوون و دوژمنەکەشیان دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسقان پڕچەک و بێبەزیی. دوژمنی سوێندخواردوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە خۆی لە هیچ جینایەتێک لەدژی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان نەدەپاراست، بەردەوام لە هەوڵی پیڵانگێڕی دا بوو کە ژەهری خۆی بڕێژێ و بە هەر شێوەیەک بۆی بکرێت تۆڵە لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە و بە چۆکیان دا بینێت. خەڵکی کوردستان زۆر ژیرانە بریاریان دابوو کە دژی داگیرکارییەکانی ئەم رژیمە هەڵوێست بگرن و سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشان ئاوەدان بکەن. لێرەدا بوو کە بیرۆکەی کۆچێک لە قوژبنێکی کوردستان و لە شاری مـــەریوان، خۆی گەڵالە دەکات تا وەک بزوتنەوەیەکی مەدەنیانەی ناڕەزایەتی دژ بە هەموو پیلانگێڕی دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی خۆی نیشان بدات. ئیتر لێرەدا خەڵکی کوردستان بە بڕیاری ژیرانەی رێبەرێکی کارامەی خۆیان واتا کاک فوئادی هەمیشە رێبەر بریاری کۆچێک دەدەن کە تا بە ئەمرۆش وێردی سەر زمانی هەموو پیر و لاوێکە…. ئەم کۆچە رۆژی ٣١ی پوشپەری سالی ١٣٥٨ی هەتاوی بە دژی سیاسەتی داگیرکاری رژیمی ئیسلامیی لە حەرەکەتێکی مێژووییدا لە ناو دڵی شاری مەریوان دەسپێدەکات و لە ئوردوگای کانی میران لەنگەر دەگرێ .
پێش ئەم کۆچە، کاک فواد و هاورێیانی دەستیان کرد بە دامەزراندنی چەندین ناوەندی وەک ئەنجومەنی شار، گوند، گەڕەک و پێکهاتەکان، خەباتی مەدەنی ژنان و شۆڕای کرێکاران.
هەموو ئەم هەوڵانە و ئەم ئامادەکاریانە کە هاوڕێیانی کۆمەڵە گرتبویانە پێش و هەنگاوی چڕیان بۆ هەڵگرتبوو بۆ بەرپەڕچدانەوەی دەسەڵاتێک بوو کە بڕیار بوو هێرش بکاتە سەر کوردستان و هەموو ئەو دەسکەوتانەی کە تا ئەم کاتە بەدەست هاتبوون . ڕژیم دەیهەویست کە بزووتنەوەی شۆرشگێڕانەی کوردستان لە ناوەرۆکی شۆرشگێرانەکەی خۆی بەتاڵ کاتەوە و تۆیی دووبەرەکی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵانی خەڵک بە بیروباوەری جیاوازەوە ، بچێنێت و پاشەکشە بە خواست و ویستی خەڵک بکات و چەک لە خەڵک بستێنێتەوە و بەم جۆرە پێگەی خۆی لەناو کوردستاندا قایم بکات و بارەگا و ناوەندەکانی سەر بە خۆی سەقامگیر بکات . کاک فۆئاد هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی شار لە دانوستانێک لەگەڵ بەرپرسانی رژێم ، داوایان کرد کە بارەگاکان لە سەرباز چۆڵ بکرێن و شار بەجێ بێڵن. بەم شێوەیە کاربەدەستان ڕژێم وەڵامی داواکەی کاک فۆئاد و هەڤاڵانیانی نەدایەوە. کاک فۆئادیش لەو کاتەدا پێشنیارێکی مێژوویی دا بە خەڵک و وتی، ئەگەر ئەوان شار چۆڵ ناکەن ئێمە شارەکە چۆڵ دەکەین. بەم جۆرە بیرۆکەی چۆڵ کردنی شار چووە قۆناغی جێ بەجێکردنەوەوە شار چۆڵ کرا.
هاوکات لەگەڵ چۆڵ کردنی شاڕی مەریوان ، شەپۆلێکی بەهێزی پشتیوانی لە لایەن خەڵکەوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستیپێکرد و خەڵکی شۆرشگێڕی شارەکانی سنە و سەقز و بانە و بۆکان دەستیان کرد بە رێپێوان بەرەوە مەریوان.
دەنگ دانەوەی ئەو کۆچە لە ئاستێکدا بوو کە بەتەواوەتی بەرپرسانی ڕژیمی پەکخست و ئەوانی ناچار بە دانوستان لەگەڵ بەرەی یەکگرتووی خەڵک بە ڕێبەری کاک فۆئاد کرد.
بەمجۆرە مستەفا چەمران وەک نوێنەری دوژمنی سوێندخواردی کوردستان، لە کۆمەڵە دانیشتنێکی چەند رۆژەدا پاشەکشەیان کردەوە قێزەونەکانی خۆیان کرد و بەم جۆرە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ یەکەمین نافەرمانی مەدەنی لە کوردستانی شۆرشگێڕ بۆ کۆمەڵە و کاک فۆئاد و خەڵکی مەریوان و بزووتنەوەی شۆرشگێڕانەی کوردستان، تۆمار کرا.
کۆچی مێژوویی مەریوان یەکێک لە پێشکەوتووترین شێوازەکانی خەباتی مەدەنییە کە لەلایەن خەڵکی شۆرشگێڕی کوردستانەوە هەم تاقی کراوەتەوە و هەم بە کردەوە دەرهاتووە. ئەم خەباتە ئەمڕۆ بەکردەوە بۆتە ڕەمزێک بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی هەر جووڵەیەک و هەر هەنگاوێک دژی داگیرکەر.
لێرەەوە سڵاو دەنێرین بۆ ورە و خۆڕاگری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە ئەوە بۆ زیاتر لە ٤٥ ساڵە دژی دوژمنی سوێندخواردوی خۆیان وەستاون و سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشانیان هەروا بە گەرم و گوڕی هێشتۆتەوە . سڵاو لە مەریوان و خەڵکی بە ئەمەگی ئەو شارە کە بە حەرەکەتەی خۆیان باشترین وانەیان دا بە نەوەکانی دوای خۆیان. سڵاو لە کاک فۆئاد وەک داهێنەری خەباتی مەدنی. یادی هەتاهەتایە لەدڵماندا زیندووە.