نەورۆز هێمای هاودەنگیی نەتەوەیی

✍سەیران مستەفازادە

نوێ رۆژ یا نەورۆز لە کوردەواریدا هاوواتای ژیانەوە و رۆژی نوێیە. نەورۆز لە کۆنەوە لای کوردان هێمای شۆڕش و هەوڵ بۆ ئازادی بووە. ھەروەھا بە مانای ژینگە و ھاتنی ساڵی نوێش دێت. نەتەوەی کورد هاوکات لەگەڵ نەورۆز بە داهاتوو گەش بین دەبن و هیوایان بە ئاسۆیەکی روون زیاتر دەبێت. نەورۆز لەو جەژنانەیە کە نیشانەی هاوپێوەندی و هەستی هاوبەشی نەتەوەی کوردە و بە پێی تێپەڕ بوونی کات لە نێو هەزاران رووداو وهەوراز و نشێو تێپەڕیوە و ڕێگایەکی سەخت و پڕ لە کەند و کۆسپی بڕیوە و  گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و یەکێک لە کلتوورە سەربەرزەکانی گەلی کوردە. سەبارەت بەجەژنی نەورۆز بیروڕای جیاواز و سەرنج راکێش ھەیە و تۆمارکراوە و هەندێک رووداوی مێژوویی و ئەفسانەیی کراونەتە سەرەتای پەیدابوونی نەورۆز. نەورۆز کۆمەڵێک داب و نەریتی کۆنی کوردەواری زیندوو دەکاتەوە .

هەموو ساڵێک ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان بە شێوازی بەربڵاو وەک هێمایەک بۆ ئازادی و ڕزگاری و دەربڕینی دەنگی نارەزایەتی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت .

ئەمساڵیش نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گڕو تینێکی زۆرتر لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەچوو. هەرچەند رژیمی ئیسلامی ئێران تێکۆشا لە ڕێگای میلیتاریزە کردنی کوردستان و بڵاوە پێکردنی جاش و پاسدار و چەکدارەکانی دیکەی بەر بە بەڕێوە بردنی نەورۆز لە رۆژھەڵاتی کوردستان بگرێت و تەنانەت لە شاخەکانی وەک تەرەغە و ئاویەر و رووش هێزێکی زۆری بڵاوە پێکردبوو تا بەر بە ئاگر کردنەوەی جەماوەری رۆژھەڵاتی کوردستان بگرێت، بەڵام رژیم نە تەنیا بە زاڵکردنی کەشی ئەمنی و دروستکردنی  بەربەست  نەیتوانی بەر بە خەڵک بگرێت، بەڵکوو جێژنی نەورۆز زۆر شکۆدارتر لە ساڵانی رابردوو بەرێوەچوو و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان نەورۆز تێکەڵ بوو لە گەڵ دەنگی ناڕەزایەتی گەلی کورد. لە زۆربەی شار و ئاواییەکانی کوردستان بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی رێگای رزگاری کوردستان وەک هێمایەک ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد و پەیمانیان لەگەڵ پێشمەرگە و چیا نوێکردەوە و جارێکی دیکە  نیشانیان دا کە نەتەوەی کورد یەکگرتوو و هاوپێوند لەگەڵ یەک بە دژی زوڵمی داگیرکەران خەبات دەکەن و خەبات تا رزگاری کوردستان بەردەوامە و هیچ کاتێک لەو رێگایە لانادەن.

سەرەڕای ھەموو ئەو نەھامەتیانەی کە بە ھۆی قەیرانی ئابووری و نەخۆشی  کوڕونا بەرۆکی خەڵکی گرتووە، گەلی کوردستان ئەو پەیامەیان بە روونی بە رژیمدا کە جێگە و پێگەی رژیم تەنیا لە نێو مشەخۆرەکان و دەستوپێوەندییەکانیاندایە و لە ناو جەماوەری خەڵکدا جیگاێکیان نییە.