مەعریفەو دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

✍محەمەد حەکیمی

سەرەتا دەبێ ئاماژەیەکی کورت بکەین بە مەعریفە، شوناس، پێناسەی دەسەڵات چیەو پێوەندیەکانی لەگەل دەسەڵات چین‌و کامانەن؟
فرانسیس فوکویاما دەڵێت: ئاڵوزی‌ و کێشەکانی هەموو جیهان تەنیا پەیامێکی هاوبەشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لاوازی دەسەڵاتەکان لە وڵامدانەوە بە ویست‌و داخوازی خەڵک کە رۆژ لەگەڵ رۆژ بە هۆی ئەوەی کە ئاستی زانیاری ‌و خوێندنەوەی خەڵک دەچێتەوە سەرەوە، ڕوو لە زیاد بوونە. کاتێ لە رۆژی 14ی ژانویەی ساڵی 2011، جیهانی عەرەب لەوپەری گێژی ‌و سەرسوورماندا چاویان لە ڕاکردنی “بن عەلی” کرد، بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، دەسەڵاتێکی باڵا دەست لە وڵاتانی عەرەب، بە هێزی جەماوەر ناچار کرا وڵاتەکەی بە جێ بێڵێت‌ و واز لە دەسەڵات بێنێت. خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوین کە وزە و ورەیەکیان پەیداکردبوو وتیان ئێمە خوازیاری مافی خۆمانین ‌و چیدی ڕێگە نادەین‌ و بێدەنگ نابین کە مافەکانمان پێشێڵ بکرێت‌ و لە لایەن بنەماڵە یان چەند کەسێکەوە زەوت‌ و بخورێت.
پرسی مەعریفەو دەسەڵات یەکێکە لە پرسە سەرەکی ‌و تەوەرەییەکان‌ و شێوەی جێبەجێکردن‌ و زانستیانەی هەمیشە جێگەی مشت‌ومڕ بوە لە نێوان فەیلەسوفان ‌و پسپورانی بواری زانستی سیاسی. ناکرێت لە ناو بابەتی پرسی دەسەڵات و زانستی سیاسی ‌و کردەی سیاسی، مەعریفە لە یاد بکەین، چۆنکا لە سیاسەتدا گرنگترین شت شێوەی بەرێوەبردنی مەعریفەیە و شێوەگەلی کاریگەریەکانی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک. لە بنەمادا یەکێک لەو شرۆڤانەی کە لەسەر مەعریفە و دەسەڵات، نەخشی سەرەکی مەعریفە و دەسەڵاتە لە نێو شیوەی بەرێوەبردنی وڵات.
“نیچە” هێرش دەکاتە سەرچوار سونەتی سەرەکی مەعریفە و کولتووری کۆمەڵگا و سیاسەتیی رۆژئاوا: یەکەم ئەخلاقی مەسیحی، دووهەم ئەخلاقی دنیایی کە فەیلەسوفەکان دارێژەری سەرەکی ئەم بیرۆکە بوون. سیهەم ئەخلاقی خەڵکی ڕەمەکی ‌و سادەی کۆمەڵگا و چوارەم ڕووناکبیران ‌و دەسەڵاتی سیاسی کە گەمە بە مەعریفە و حورمەتی مەعریفە دەشکێنن ‌و دەکەن ‌و حورمەتەکانی دەخەنە ژێر پێ. نیچە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە کەس ناتوانێ بەر بە پێوەندی مەعریفە و دەسەڵات بگرێت، بەڵام لە ڕێگەی دروست‌ و واقیعەوە ئەم پێوەندییە دەبینێت ‌و هەر بەو هۆیەشە کە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەی رۆژئاوا و چوار بنەمای سەرەکی خەڵکی ئەو ناوچانە دەداتە بەر هێرش و سەرکۆنە کردن. بە تایبەتی هێرشی نیچە بۆ سەر نیزام‌ و بیروباوەڕی مەسیحی زۆر سەرڕاست ‌و سادە و ساکارە. ئەمە لە لاێکەوەە لە لاێکەوە لایەنە نگەتیڤەکانی ئایینی مەسیحیەت کە دەڵێت: ئەگەر زڵڵەیەکیان لێ دایەت، ئەو لای ڕوومەتت بگرە با زڵڵەیەکی دیکەی لێ بدەن ‌و‌ ئەو بیرۆکە رەت دەکاتەوە و ئەمە بە گەمەی مەعریفەی دەزانێت. لەڕاستیدا ئەمە یەکەمین خاڵی هێرشی نیچەیە بۆ سەر مەسیحیەت نەک خۆدی مەسیح، چۆنکا ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مەسیح لە واقعدا لایەنگری دۆراوەکانە. بەڵام ئەوەی مەبەستی نیچەیە ئەوەیە کە نیشانی بدات لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی‌ و مەعریفە پێوەندی زۆر هەیە و ئەو چوار بەشەی سەرەوە کە باسمان کرد وەک نموونە دێنێتەوە و نیشانی دەدات کە دەسەڵات بە بێ مەعریفە ناتوانێت تا سەر دەوام بێنێت‌ و ئەگەر دەسەڵاتێک واز لە مەعریفە بێنێت ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆر ناتوانێ سەرکەوتوو بێت‌، وەکوو دەسەڵاتی قەزافی، سەدام، خامنەیی‌ و بەشار ئەسەد تووشی گرفت‌ و کێشەی جدیی دەبێتەوە.
سیاسەت چ وەکوو زانست یان شێوەیەک لە بەرێوەبردنی وڵات یان شتێک کە تەنیا دەتوانێ کۆمەڵگا بەرێوە ببات، پێش لە هەر شتێک مەعریفەیە، سیاسەتیش بە بێ دەسەڵات هیچ شتێک نییە و ئەم سێ دەستەواژە تەواکەری یەکن، سیاسەت‌ و مەعریفە و دەسەڵات، هەمیشە وەدوای گەڕان بە دوای گۆشە تاریک ‌و قوژبنەکانی ئاوەز، دەرون، ئاکاری هەموو کۆمەڵگەن‌ و ئەوەی کە مرۆڤ لە ژیانی تاک‌ و کۆمەڵدا چۆن بیر دەکاتەوە، بڕیار دەگرێت. ئەوەی کە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەیدا تووشی سەردانەواندن‌ و زۆرگوتن، یان لێدان‌ دەبێت، یان کاری خێر یان شەڕ دەکات. یان راستی‌ و ڕاستی دەکاتە کار و هونەری هەمیشەیی، هەر بەم هۆکارانەیە کە دەڵێم مەعریفەی سیاسی، زانستێکە لە نێوان چەند زانستدا.
مەعریفە و دەسەڵاتی سیاسی وەکوو شتێکن کە ژیان ناچارە هەمیشە ڕووبەڕووی بێتەوە، دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە تێکۆشاوە لە چوارچێوەی مەعریفەی زانستیدا دەربکەوێت. ئەرەستو وەکوو سەرچاوەی هەموو زانستەکان باسی لێوە دەکات‌ و دەڵێت شوناس‌ و دەسەڵاتی سیاسی سەرچاوەی هەموو زانستەکانن ‌و هیچ زانستێکی سیاسی بە بێ دەسەڵات ‌و مەعریفە ناتوانێت دەوام بێنێت یان سەرکەوتوو بێت. بەڵام ئەمڕۆ دوایی چەندین سەدە، بیرو ئاوەزەی سیاسی ئاڵ‌ و گۆڕی زۆریان بەسەردا هاتوە و فەیلەسوفەکان بە پێچەوانەی ئەرستو یان نیچە و کەسانی دیکە بیر دەکەنەوە و ئەمەش لە خۆیدا نیشاندەری ئەوەیە کە هیچ کام لە بیرۆکەکانی فەیلەسوفان لەسەر زانستی سیاسی تا سەر دەوام ناهێنێت ‌و دەتوانڕێت کە ئال‌‌و گۆڕ بەسەر هەموو بیرۆکەکاندا بێت.
بەو پێوەرانە دەتوانین بڵێن کە ژیان بە پێناسەوە بەرێوەدەچێت، هیچ لایەنیك و كونجێكی ژیان نییە كە پێویستی بەجۆرێك لە مەعریفە نەبێت، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە مەعریفە بەشێکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا. پێوەندی پێناسە یان شوناس‌ و دەسەڵات ‌و کۆمەڵگە تەنیا ئەمڕۆ نییە و لە ڕابردووشدا ئەم پێوەندییە هەر بوە و تا دێ چڕو چڕتر دەبێت.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی وڵاتانای دەوروبەری کوردستان ‌و داگیرکەرانی ڕوو دەدات، مەعریفە و دەسەڵات تێیدا زۆر جیاوازە لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوەی لەم ناوچەدا ڕوو دەدات، نە زانستی سیاسیە و نە مەعریفەیە و نە دەسەڵاتی سیاسیە. بەڵکوو تەنیا کۆمەڵێک بنەماڵە یان مەرجەعی ئاینین کەدەستیان بەسەر هەموو داهات‌ و ماڵ ‌و حاڵی خەڵکی ناوچەکەدا گرتوە و هیچ پێوەرێکی دێمۆکراسی ڕەچاو ناکەن ‌و نە تەنیا حورمەتی مەعریفە ناگرن بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە هێرش دەکەنە سەر هەموو بەشەکانی ژیانی مرۆڤ، تەنانەت، “زانکۆ و ڕاگەیاندن” کە دەبێ شوێنێکی زانستیانە بێت، ئەویش هەمیشە تووشی هێرش بوە و لەلایەن هێزی باڵادەستەوە ئوستادەکانی بە ئیشتیای دڵ گۆڕدراوە و کەسانی حیزبی یان حکومی خۆیانیان لە جێگەی ئەوان داناوە، بۆ نموونە لە ئێران کە ئەمڕۆ هێزی باڵادەست هێزیکی ئایینی و دژە مرۆئیە، هەموو بەشەکانی زانکۆی کردوە بە حەوزەی علمیەی قوم‌ و ناو زانکۆکانی پڕ کردوە لە بەسیچ، ئیتلاعات‌ و حەراست.
لێرەدا نموونەیەک لە شکانی حورمەتەکانی ژیانی مرۆڤ ‌و شکاندنی مەعریفە لە ئێران باس دەکەم، کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی نەیارانی خۆیی سەرکوت بکات‌ و نیشانی بدات کە نە تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە جیهانیش هێزی هەیە و مرۆڤەکان لەهەر کوێ بێت دەتوانێت ئازادیان لێ زەوت بکات، راگەیاندن دەکاتە مەبەست بۆ ئەو پێوەرە و ڕاپورتی هەلە و شتی ناڕاست سەبارەت بە خەڵک ‌و حیزب‌ و وڵاتانیش بڵاو دەکاتەوە، لە دوایین نموونەی ئەم سیاسەتەیدا راگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاپورتێکی هەلەیان سەبارەت بە “مەسیح عەلی نژاد” رۆژنامەوانی ئێرانی کە لە ئەمریکا دادەنیشێت بڵاو کردەوە، ئەم کردەوە لە چەند سالی ڕابردوو زۆر جار بینراوە و کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بەربەستێک بۆ ئازادی دروست بکات ئەم شێوە لە کارکردنی سیاسی گرتوەتە بەر. لە وەها حاڵەتێکدایە کە مەعریفە و دەسەڵات لێک جیا دەبنەوە.
بۆ لێکدانەوەی زیاتری ئەم باسە و کردنەوەی تەورێکی ورد و گرینگ سەبارەت بە مەعریفە و دەسەڵات پێم باشە زیاتر سەبارەت بەم تەوەرە بدوێن. کۆماری ئیسلامی ناوی ئەم جۆرە هێرشکردنەوەی ناوە “ئیتلاعاتی خۆلەمێشی”.
“ئیتلاعاتی خۆلەمێشی” بە لە ڕێکخراوە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە شتێک دەوترێت کە پڕوپاگەندە دەکات بە دژی نەیارانی ڕژیم. بە هۆی بوونی ئەم وشە ڕژیم دەیەوێت سەرپۆشێک بۆ کارەکانی بە دژی پێشێڵکردنەکان دابنێت. ئەوەی گرنگە شێوەی بەکارهێنانی خۆدی راگەیاندنە بە دژی ڕاگەیاندن، لە ڕێگەی درویەکەوە ئیتلاعات ‌و ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی هەمیشە بەردی بناغەی دروکانی دیکەش دادەڕێژێت. کە ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتە ڕێکخستنی ڕوانینی نوێیە. لێرەدایە کە رژیم لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی حکومی، هەموو سەرچاوەکانی مەعریفە پێشێڵ دەکات ‌و لێرەدا دەتوانین بڵین کە لە رۆژهەڵاتی ناوین هیچ جۆرە حورمەتێک ناتوانێ لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە ئەمنیەتی هەبێت ‌و دەسەڵات دەتوانێت هەموو ئەو حورمەتانە بشکێنێت ‌و ئەوەی بە دڵی نەبێت بە هەر شێوەیەک کە بیەوێت، لە ناوی ببات یان بەدناو یان خراپی بکات.
لەفەرهەنگی سیاسیدا بەمە دەوترێت تیرۆری کەسایەتی، لە ڕاستیدا تیرورکردن تەنیا کوشتن نییە، بەڵکوو شیوەگەلی تریی هەیە کە یەکێک لەوانە تیرۆری کەسایەتییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژانە خەریکە ئەو کارە ئەنجام دەدات‌ و تا ئێستە هیچ لایەنێک یان شوێنێک نییە کە بەر بەم کردەوانەی رژیمی ئیسلامی ئێران بگرێت و تا دێت تیرۆری کەسایەتیەکان چ بە کوشتن و چ بە ناوزڕاندن لە رۆژهەڵاتی ناوین زۆر زۆرتر دەبێت و وڵاتانی جیهانیش سەبارەت بەم پرسە و پرسەکانی دیکەی ئێران بێدەنگیان هەڵبژاردوە کە بێدەنگیە بوەتە هۆی ئەوەی رژیم زیاتر دەست لە کاروباری ناوچەکە و تیرۆر و ناوزڕاندن و رفاندن و … بکات.
ڕاستە سیاسەت ‌و دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە گرێدراون‌ و دەسەڵاتداران لەم ناوچە توانیویانە هەموو شتێک بارگاوی بکەن ‌و حورمەتی مەعریفەیان بشکێنن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەویە کە ئەو دەسەڵاتانە تا ئێستاش نەیانتوانیوە حورمەتی مەعریفری دەرون‌ و ئاوەزی کۆمەڵگە بشکێنن. ئەگەر چاو لە ڕووداوەکانی ئێران یان سوریە یان هەر جێگەیەکی ئەم ناوچە بکەین ئەوا دەبینین کە ڕۆژانە خەڵکی ناوچەکە بە هۆی ئەو دۆخەی کە تێدان بە دژی دەسەڵاتەکان ڕادەپەرن ‌و ئێمە لە بەهاری عەربیدا هەر چەن زۆر ئەو بەهارە نەیتوانی سەرکەوتوو بیت و زۆر زوو خەزانی بە سەردا هات، ئیمە بینیمان کەقەزافی، حوسنی موبارەک و …. دەیان کەسی دیکە یان تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک بوونەوە یان ناچارکران واز لە دەسەڵاتە نازاستیەکان یان بنەماڵەییەکانیان بێنن.
سیاسەتی دەسەڵاتی پاوانخواز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت حورمەتی مەعریفە لە هەموو بەشکاندا بشکێنێت، تەنانەت لە دەستێوەردان لە ژیانی تاک ‌و ئازادیەکانی تاکدا. ئەمە ئەو واقیعەتەیە کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیی دەکرێت ‌و دەسەڵات لە هەموو حاڵەتێکدا دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە مێژووی ڕاستیەکان ئەو دەینوسێتەوە.
دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوین هیچ مەودایەکی ئازاد و سەربەخۆی ناوێت، هەر بۆیە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا هێشتوەتەوە و بۆ نموونە حکومەتی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، ئێمە شاهیدین کە هیچ تلوێزیون یان رۆژنامە و گۆڤار و سایتێکی سەربەخۆ و ئازاد لەو وڵاتە بوونی نیە، تازە ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی کە تۆزیەک لە خەتی ڕژیم لادەدەن، بە گشتی دەستیان بەسەردا دەگرێت‌ و زۆر زوو دەنگیان لە گەرۆدا دەخنکێندرێت. دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا حورمەتی مەعریفە و ئاوەز و دەرونی کۆمەڵگەی لەلا گرنگ نییە، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەی مانای مەعریفە و دەسەڵات‌ و زانستی سیاسی، هەموو گەمەکانی سیاسەت بەرێوە دەبات ‌و هەرگیز گوێ بە مەعریفە و کایەکانی لە دەسەڵاتدا نەداوە و نادات.