قووڵ بوونەوەی ناڕەزاییەکان لە ئێران و داهاتووی

✍عومەر ئێلخانیزادە

لەگەڵ هەڵکشانی هەڵاوسان و پەرەئەستاندنی قەیرانی ئابووری و بارگران بوونی ژیانی خەڵک، جارێکی دیکە ناڕەزایی جەماوەریی لە ئێران هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای هێناوەتە مەیدان. سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسین نەک هەر بەری گەشەی ناڕەزایەتییەکانی پێ نەگیراوە، بە پێچەوانە بۆتە هۆی ڕادیکاڵبوونەوەی دروشمەکانی جەماوەر. خەبات و مانگرتنی موعەلیمان و کرێکاران دەریخست کە ئەو ناڕەزاییانە لە زۆر بواردا هاوئاهەنگی و ڕێکخراو بوونی پێوە دیارە و ئۆرگان و سازەی مەدەنی لێکەوتۆتەوە. دروشمەکانی ئەو دەورەیە، گەشەی فەرهەنگی و ژیری سیاسی تێدا دەرکەوتووە و دەبینین کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردۆتە ئامانج و بۆ نەمانی هەنگاو دەنێن. قۆناغێکی نوێ لە هەلوومەرجی سیاسی ئێران و بەربەرەکانێی خەڵک و دەسەڵات هاتۆتە ئاراوە، ڕزگار بوون لەو دەسەڵاتە بۆتە خولیا و ئاواتی خەڵک. تەنانەت هێزە هاوکار و بەکرێگیراوەکانی رژیمیش ترسیان لێ نیشتووە.

لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی چ لە ناوچەکە و چ لە دیکەی پێوەندی نێو نەتەوەیی، لە بەرجامەوە بیگرە تا گەمارۆی ئابوری، کێشە و دەستدرێژیەکانی لەوڵاتانی ناوچە و چوونە پاڵ هێرشی داگیرکەرانەی روسیە بۆ سەر ئۆکراین، تا دێ قۆرت و تەنگژەکانی کەڵەکە دەبێتە سەر یەک. رژیمی ئێران نەک هەر بۆسۆ و بەدناو و تەریک کەوتۆتەوە، بەڵکوو وەک پشتیوانی تیرۆر و ماکی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، ناوی دەرکردووە. لەگەڵ ئەو ڕاستییانە، کێشە و ململانێی ناوخۆیی دەسەڵات، نوقم بوون لە گەندەڵی و فەسادی ئابوری و ئیداری تا ملان تێی چەقیون و بەربینگی پێگرتوون. هەموو ئەو دیاردانە ئاماژەن بۆ وەی کە ئەو دەسەڵاتە گەیوەتە بنبەست و ناتوانێ لەو دەورەیە تێپەڕ بێ و کۆتاییەکانی بوونیەتی. ئەی چی ڕایگرتووە و بۆ ناڕوخێ؟ شۆڕشی جەماوەر تا کەی بەردەوام دەبێ؟ ئەوانە هەندێک لەو پرسیارانەن کە لە مێشکی هەمواندا دێن و دەچن.

لە ڕاستیدا مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە مێژە بەهۆی نەگروان و پێکنەهاتنی ئالترناتیوێکە لە ئێراندا. نە لە ناوخۆ ئالترناتیو دروست بووە و نە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە توانیویەتی یەکگرتووییەک پێکبێنێ. تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی کوردە کە هەم بە ڕادەیەکی زۆر هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی هەیەو، هەم داخوازی یەکگرتوویی هەیە و داوای سیستەمێکی سیاسی ڕۆشن و جیاواز دەکات بۆ داهاتوی ئێران. بە واتایەکی دی کوردستان ساحێبی ناوەندێکی سیاسییە کە بۆی هەیە خۆی کامڵ بکات و ببێتە یەکەیەکی سیاسی جوڵێنەر، ئەوە کەوتۆتە سەر شانی حیزبە سیاسیەکانی ناوەندی هاوکاری کە پێویستە بە زوویی بە ئەنجامی بگەیەنن. بەڵام لە ئێراندا هیچ ناوەندێکی سیاسی کە بەرێوەبەری داخوازییەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو بێ بوونی نییە و کزی و بێدەسەڵاتیی ئۆپۆزیسیۆن بۆتە هۆی نەڕوخانی رژیم. ئەو راستییە دەبێتە هۆی ئەوە کە ناڕەزاییەکان سەرەرای ئەوە کە بنبڕ و تەواو نابن، بەڵام نەتوانن لە هەر قۆناغەدا سازماندراوتر و هاوئاهەنگتر ببن بە جۆرێک کە بکرێ هەموو جۆرەکانی ئیعتیراز و داخوازی لێک هەڵپێکرین و یەکگرتوو بن و دروشم و ئامانجیان ببێتە یەک. پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەیە کە دەتوانێ جوڵانەوەی جەماوەر بەرەو ئاقاری ڕاپەڕین و بەردەوامی تەزمین بکات و لە بەرانبەر سەرکوتدا خۆڕاگر و بە تاکتیکی بکات.

بمانهەوێ و نەمانەوێ رژیم بەتەنیا بە کوردستان نارووخێ، بەڵام لە هەمان کاتدا کوردستان دەتوانێ دەورێکی گەورەی هەبێ لە هەلوومەرجی سیاسی ئێستای ئێراندا. بۆ گێڕانی وەها دەورێک پێویستە هەم یەکگرتوویی و یەک گوتاری لە نێوخۆیدا پێکبێنێ، هەم دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان پەرە پێبدات. هەروەها ئێمە دەبێ هەم بۆ ناساندنی داخوازیەکانی خۆمان و هەم بۆ پڕۆژەمان لە داهاتوی ئێراندا خۆمان زۆر زیاتر بە دنیای دەرەوە و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بناسێنین. لەگەڵ ئەوانە دەبێ کار بکەین تا ناوەندی سیاسی زۆرتر لەگەڵ ناڕەزایی و جوڵەی جەماوەر و خەباتی مەدەنی یەکانگیر بێ و، دەوری هەستیاری خەباتی مەدەنی بەهێزتر بکرێ و بناسێندرێ. ئەوەش بە بێ دابینکردنی مەرکەزیەتێکی هاوئاهەنگ مەیسەر نابێ. ئەوە چەکی هەرە بەهێزی ئێمەیە لەو دەورەیەدا.

هەروەها لازمە کە سناریۆکانی دیکەش کە لە لایەن هێزە ناوچەیی و دەسەڵاتە دەرەکییەکانەوە کاریان بۆ دەکرێ لەبەر چاو بگرین و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. تەنیا یەکگرتوویی لە کوردستان و یەک گوتاری دەتوانێ ئەو دەورەی کە دەکەوێتە سەر شانی بزوتنەوەی کوردستان لە داهاتوی ئێراندا، بینوێنێ. کوردستان لە لایەک لەگەڵ میلیتاریزمێکی دیار لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو ڕووە و لە لایەکی دیکەوە بە دروست لە لایەن گەلانی ئێرانەوە چاوەڕوانی لێی هەیە. ئەو مەوقعیەتە نەیارانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە زیاتر دێنێتە سەرخەت تا بەر بە پێشوەچونمان لە داهاتوی ئێراندا بگرن. بۆیە لەگەڵ یەکگرتوویی و پێکهێنانی سازەیەکی نەتەوەیی پێویستە هەم لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دیکەی گەلان سیاسەتی دیالۆگ و لێک تێگەیشتن زیاد بکەین و چالاکی نێو دەوڵەتیمان پەرە پێبدەین.